رووداو دیجیتاڵ
گەشتیارێکی عەرەب لە دەریاچەی دووکان خنکا و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکەیدا.
رۆژی چوارشەممە، 27ـی ئایاری 2026، رائید ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ هەواڵمان پێگەیشت کە گەنجێکی عەرەب کەوتووەتە نێو دەریاچەی دووکان و خنکاوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی راشیگەیاند، هەر زوو تیمەکانیان دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان کردووە و گوتی: "تاوەکو ئەم ساتە تیمەکانی مەلەوانیی دووکان و بناوگەڕەکان بەدوای تەرمی گەشتیارەکەدا دەگەڕێن."
رائید ئارام عەلی جەختی لەوەش کردەوە، کە تیمەکانیان کۆڵ نادەن و "تاوەکو دۆزینەوەی تەرمەکە، بەردەوام دەبین لە گەڕان."
دەریاچەی دووکان یەکێکە لەو شوێنانەی ساڵانە لە وەرزی گەشتوگوزاردا زۆرترین گەشتیاری نێوەڕاست و باشووری عێراقی رووی تێدەکەن، بەهۆی ئاشنانەبوونی گەشتیاران بە شوێنە قووڵەکانی دەریاچەکە، سەرەڕای هەڵواسینی هۆشداریی لەلایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە، ساڵانە چەندین رووداوی خنکان لەو ناوچەیەدا تۆمار دەکرێن.
