رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتیان کرد بچنە پەناگە و شوێنە ئارامەکان.
دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن، وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتیانی کرد بچنە پەناگە و شوێنە ئارامەکان.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری وڵاتەکەی، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە دوو شەپۆل 18 ئامانجی ئەمریکیان لە ناوچەکە پێکاوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە تۆڵەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر باشووری ئێران، دوو شەپۆلی هێرشیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە ئەنجامداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سپای پاسداران، لەو دوو شەپۆلە هێرشەدا، 18 ئامانجی ئەمریکی لە بنکە سەربازییەکانی (عەلی ئەلسالم، شێخ عیسا و ئەحمەد ئەلجابر) لە وڵاتانی ناوچەکە پێکاون و تێکیانشکاندوون.
هاوکات، سوپای ئێران (ئەرتەش) رایگەیاند کە بە ژمارەیەک درۆنی "تێکشکێنەر و بۆمبڕێژکراو" هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی فەرماندەیی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرێن. سوپای ئێران دەڵێت، لەو هێرشەدا رادارەکانی سیستەمی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکییان پێکاوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، هێزەکانیان 49 مووشەکی کرووزی جۆری
"تۆماهۆک"یان ئاراستە کردووە و ئامانجەکانیان لە قووڵایی خاکی ئێراندا پێکاوە.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە بەرپرسانی باڵای ئێران لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانەوە پەیوەندییان پێوە کردووە و داوایان کردووە
بۆردوومانەکان رابگیرێت. بەڵام میدیا فەرمییەکانی ئێران دەستبەجێ ئەو هەواڵەیان رەتکردەوە و بە "ناراست" وەسفیان کرد.
