رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران دوای هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە دەڵێت، ئێران لە بەرامبەر هەڕەشە و گوشاردا پاشەکشە ناکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، رەزا تەلایینیک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران رایگەیاند، "ئەزموونی دوو جەنگی رابردوو نیشانیدا کە گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکان لە بەرامبەر هەڕەشە و گوشاردا پاشەکشە ناکەن."
تەلایینیک ئاماژەی بە جەنگی 12 رۆژەی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کرد و گوتی، "جەنگی 12 رۆژە گۆڕەپانی تێکشکانی هزر و تێڕوانینەکانی دووژمن و نیشاندانی هێزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو."
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران روونی کردەوە: "جەنگی رەمەزان سەلماندی کە هەر هەڕەشەیەک دژی گەلی ئێران، دەبێتە دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی توانای بەرگری، زیادکردنی توانای بەرچدانەوە و بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزە چەکدارەکان."
قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە کاتێکدان، لە بەردەوامیی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتندا، سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو هێرشی کردە سەر چەند شوێنێک لە نێو خاکی ئێران کە تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەردەوام بوو.
جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل- ئەمریکا لە رۆژی هەینی، 13 حوزەیرانی 2025 بە هێرشێکی بەربڵاوی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر چەندین ئامانج لە ناو خاکی ئێران دەستیپێکرد و دواتر ئەمریکاش بە بۆردوومانکردنی سێ دامەزراوەی سەرەکیی ئەتۆمیی ئێران هاتە نێو شەڕەکەوە.
دوای 12 رۆژ لە جەنگ، لە بەرەبەیانی 24ی حوزەیرانی 2025 لەسەر پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، بە فەرمی ئاگربەست راگەیێندرا.
لە 28ی شوباتی 2026یشەوە ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی بە هێرشێکی ئاسمانی و مووشەکیی کتوپڕ هێرشیان کردە سەر ئێران و جەنگێکی دیکە لە نێوان هەردوولا دەستیپێکرد کە 40 رۆژی خایاند و لە ئەنجامدا عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران و چەندین بەرپرس و فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتە کۆژران.
دوای 40 رۆژ جەنگ، لە 8ی نیسانی 2026، ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمریکا راگەیێندرا و دانوستاندن لە نێوان هەردوولا دەستپێکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتووەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)