رووداو دیجیتاڵ
دەزگایەکی چاودێریی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگر لە ژووری بزوێنەری کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک تەنگەی هورمز کەوتووەتەوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ناوچەکە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێرانەوە لە ژێر گوشارێکی زۆری ئەمنیدایە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، دەزگای چاودێری ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند: "بەرپرسانی ناوخۆیی راپۆرتیان پێگەیاندوون کە ئاگر لە ژووری بزوێنەری نەوتهەڵگرێکدا کەوتووەتەوە". بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە لە دووری 21 میلی دەریایی لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری سۆحار لە عومان روویداوە.
باڵیۆزخانەی هیندستان لە عومان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە، کەشتییەکە ناوی "جەڵڤیر"ە و هێزی دەریایی عومان خەریکی گواستنەوەی ستافەکەی بوون. تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە و رەگەزنامەی کارمەندەکانی ئاشکرا نەکراوە.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای ئەمنیی دەریایی ڤانگارد، ئەم کەشتییە بە ئاڵای وڵاتی گینێ بیساوەوە گەشتی کردوە و 20 کارمەندی لەسەر بووە.
ئەم رووداوە تەنیا یەک رۆژ دوای ئەوە دێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی کردە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە کەناراوەکانی عومان و بووە هۆی کوژرانی سێ کەس لە کارمەندەکانی.
واشنتن رایگەیاندبوو، ئەو کەشتییە هەوڵیداوە نەوتی ئێران هەناردە بکات، ئەمەش پێشێلکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەیە کە ئیدارەی ترهمپ بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندوویەتی.
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە درۆن و مووشەک وەڵامی هەردوولای دایەوە، ئەمە جگە لە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. رۆژی 8ی نیسان، ئاگربەستی جەنگەکە کرا، بەڵام لەو کاتەوە چەندجارێک پێکدانان لەنێوانیاندا روویداوە، دوایینیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوو. لە 13ی نیسانیشەوە، ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
بەگوێرەی دەزگای چاودێریی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا، لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە تەنگەی هورمز و دەورووبەری هێرشکراوەتە سەر لانیکەم 24 کەشتی گوێزەرەوەی نەوت و سووتەمەنی.
