رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا نەتەنیاهووی لە وردەکاریی ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنە ئاگادار کردووەتەوە کە بڕیارە لەنێوان واشنتن و تاران واژۆ بکرێت؛ دەشڵێت: "ئیسرائیل لایەنێک نییە لەو لێکتێگەیشتنە."
رۆژی هەینی، 12ی حوزەیرانی 2026، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەتەنیاهوو، تاوتوێی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کردووە کە بۆ دەسپێکردنی دانوستاندنەکان لە نێوان واشنتن و تاران ئامادە کراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل لایەنێک نییە لەو یاداشتە، بەڵام نەتەنیاهوو "پێزانینی خۆی بۆ پابەندییەکانی سەرۆک ترەمپ دەربڕیوە سەبارەت بە مەرجەکانی رێککەوتنی کۆتایی."
بەپێی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەتەنیاهوو جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هەر رێککەوتنێک لە داهاتوودا واژۆ بکرێت، ئەم چوار خاڵە سەرەکییە لەخۆبگرێت:
- دەرهێنانی تەواوی ماددە پیتێنراوەکان لە خاکی ئێران.
- هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتیی ژێرخانی پیتاندنی یۆرانیۆم.
- دانانی سنوورێکی تووند بۆ بەرنامەی مووشەکیی ئێران.
- کۆتاییهێنان بە پشتیوانییەکانی تاران بۆ گرووپە بریکارەکانی لە ناوچەکەدا.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لەکاتێکدایە، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار. ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی گوشارەکانی واشنتنەوە، گەرەنتیی ئەوە بکات کە تاران چیدی نەبێتە هەڕەشەی ئەتۆمی و سەربازی، نەتەنیاهووش چەندین جار هۆشداریی داوە کە پابەندی هیچ رێککەوتنێک نابن ئەگەر ئاسایشی ئیسرائیل نەپارێزێت.
ترەمپ: رەنگە رێککەوتنەکە لە ئەورووپا واژۆ بکرێت
دوێنێ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی گەشبینیی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی گرژییەکان دەربڕی و گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی مەزنە، لێکتێگەیشتنی باشمان لەبارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران هەیە و بەمنزیکانە رەشنووسی کۆتایی واژۆ دەکەین، کە لەوانەیە لە ئەورووپا بێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، بازاڕەکانی جیهان و بۆرسە پێشوازییان لەو هەواڵە کردووە و نرخی نەوتیش رووی لە دابەزین کردووە. گوتیشی: "رێککەوتنەکە بەجۆرێکە کە ئێران نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
ترەمپ تەنیا چەند کاژێرێک پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیاڵ) هەڕەشەی تووندی لە تاران کردبوو و رایگەیاندبوو، ئەگەر رێکنەکەون، هێرشی قورس دەکەنە سەر ئێران و دوورگەی "خارگ" کۆنترۆڵ دەکەن کە شا دەمارێکی وزەی ئەو وڵاتەیە.
لە 28ی شوباتی ئەمساڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەو وڵاتەش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە. هەرچەندە لە 8ی نیسانەوە ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام ناوبەناو پێکدادان لە نێوانیاندا روودەدات.
.jpg&w=3840&q=75)