رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، هێزەکانیان بە شێوەیەکی "تووندوتۆڵ" بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران.
سێنتکۆم دەڵێ، لە 13ـی نیسانەوە ئاراستەی 139 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە، 9 کەشتییشیان لەکارخستووە کە پابەندی رێنماییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا نەبوون.
بەپێی راگەیێندراوەکەی سێنتکۆم، گەمارۆکە تەواوی ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە دەچنە بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران یان لێیانەوە دەردەچن، لەنێویاندا بەندەرەکانی کەنداو و کەنداوی عومان.
سێنتکۆم باس لەوە دەکات، ئەم بڕیارە بێ جیاوازی بۆ سەرجەم کەشتییەکان جێبەجێ دەکرێ، ئیدی گرنگ نییە هەڵگری ئاڵای هەر وڵاتێک بن.
ئەو کەشتییانەی پابەندی بڕیارەکە دەبن، ئاراستەکەیان دەگۆڕدرێ و رێگەیان پێنادرێ بچنە بەندەرەکانی ئێران. ئەو کەشتییانەی سەرپێچیی فەرمانەکە دەکەن، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە هێرشیان دەکرێتە سەر و لەکاردەخرێن. ئەم رێوشوێنە لە 13ـی مانگی نیسانەوە و بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا دەستی پێکردووە.
پێشتریش فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەم گەمارۆیە رێگر نییە لەبەردەم ئازادیی هاتووچۆی دەریایی بۆ ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێدەپەڕن بۆ بەندەرەکانی وڵاتانی دیکە جگە لە ئێران.
ئێستا هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکا بە هاوبەشی پشتگیریی ئەم ئۆپەراسیۆنە دەکەن بۆ سەپاندنی گەمارۆکە لە ناوچەکەدا.
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی چۆنییەتیی لەکارخستنی ئەو 9 کەشتییە ئاشکرا نەکردووە.
