رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، رەشنووسی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئەمریکا بە شێوەی "دیجیتاڵی و لە دوورەوە" واژۆ دەکرێ، کە پێشبینی دەکات لە "چەند رۆژی داهاتوودا" رووبدات.
عێراقچی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی گوتی: "هەرکە قۆناخەکانی کۆتایی دانوستاندنەکانمان تەواو بوون، ئەم رێککەوتنە واژۆ دەکرێ و رادەگەیێندرێ. سەرەتا واژۆکردنەکە بە شێوەی ئۆنلاین و دیجیتاڵی دەبێت و هەر لایەنێک لە دوورەوە واژۆی دەکات. دواتر رادەگەیێندرێ کە ئەم یاداشتی لێکتێگەیشتنە لەلایەن هەردوولاوە واژۆ کراوە."
وەزیری دەرەوەی ئێران گەشبینیی خۆی نیشاندا و گوتی: "ئەمە رەنگە هەر لە چەند رۆژی داهاتوودا رووبدات. من زۆر گەشبینم."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عێراقچی باسی لەوە کرد کە رەشنووسی رێککەوتنەکە کۆتاییهێنان بە گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرەکانی ئێران و رێکخستنەوەی چۆنییەتیی بەڕێوەبردنی تەنگەی ستراتیجیی هورمز لەخۆدەگرێ؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت گەمارۆ دەریاییەکە بەتەواوی هەڵبگیرێ، ئەمە یەکەم خاڵە کە لە رێککەوتنەکەدا باس کراوە."
عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد: "ئێران بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەی داوە کە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز چیدیکە وەک پێشووی لێ نایەتەوە"، ئاشکراشی کرد کە لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆکانیان لەگەڵ عومان بەردەوامە.
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لەوەی کە ئیسرائیل دەیەوێ ئەو رێککەوتنەی ئێستا خەریکە یەکلایی دەکرێتەوە، لەبارببات و گوتی: "دەبێت بە راشکاوی بڵێم ئەم رێککەوتنە دووژمنی هەیە، کە دیارترینیان رژێمی زایۆنییە. ئەوان بەدوای بیانوودا دەگەڕێن بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە لە رێڕەوی خۆی لابدەن."
