رووداو دیجیتاڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، هەینی سەرۆکی شاندەکانی ئەمریکا و وڵاتەکەی لە جنێڤ بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن کۆدەبنەوە و دواتر لەوانەیە یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی نێوانیشیان دەستپێبکات. ئەمڕۆ دووشەممە 15-06-2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەکاتی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "لەوانەیە رۆژی هەینی لە سویسرا کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرۆکی شاندەکانی تاران و واشنتن بەڕێوەبچێت.'' بەگوتەی عەباس عێراقچی، دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە جنێڤی سویسرا لەلایەن سەرۆکی شاندی دانوستاندنکاری هەردوو لا، ''لەوانەیە هەر رۆژی هەینی، یەکەم گەڕی دانوستاندنەکانی داهاتووش دەستپێبکات." وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لێکتێگەیشتنەکە دەتوانێت دۆخی وڵاتەکەیان بە شێوەی ئەرێنی بگۆڕێت، ''بەڵام بۆ باشترکردنی ئابووریی ئێران، نابێ تەنیا پشت بە رێککەوتن و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا ببەستین." عێراقچی هۆشداریش دەدات، ئەمریکا پێشینەی ''شکاندنی بەڵێن، جێبەجێنەکردن و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکان''ـی هەیە، بۆیە پڕۆسەی دانوستاندن و جێبەجێکردنی یاداشتەکە لەسەر بنەمای ''بێ متمانەیی'' دادەڕێژن. وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، هەوڵ دەدەن لە رێگەی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەرفەتی ئابووری بۆ وڵاتەکەیان بڕەخسێنن، ''ئێمە لە سیاسەتی دەرەوەدا هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەین، بەڵام زێدەڕۆییش لە دڵخۆشکردن بە هیچ دەرفەتێک ناکەین." قسەکانی عەباس عێراقچی لەکاتێکدان بەیانیی ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە جنێڤ واژۆ دەکرێت و بەوەش نەوت بە تەنگەی هورمز دا بۆ بازاڕەکانی جیهان دەڕوات. ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە: ''دانوستاندنەکان بۆ رێککەوتنی کۆتایی دوادەخرێن، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنی بەرامبەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن جێبەجێ دەکات." دوو خاڵی سەرەکیی نێو یاداشتنامەکەی لێکتێگەیشتن، کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز لەلایەن ئێرانەوە و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی وڵاتەکەیە لەلایەن ئەمریکاوە. بڕیارە دوای واژۆکردنی یاداشتنامەکە، 60 رۆژ دانوستاندنی نێوانیان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی بەردەوام بێت.