رووداو دیجیتاڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی سەربازیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل وڵاتەکەی لە هەڕەشەی "لەناوچوونی ئەتۆمی" پاراستووە. راشیگەیاند، هێزەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار لە ناوچە ئەمنییەکانی لوبنان، سووریا و غەززەدا دەمێننەوە. رۆژی دووشەممە 15-06-2026، بنیامین نەتەنیاهوو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی تەلەڤزیۆنیدا دوای راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، رایگەیاند: "گرنگترین شت ئەوەیە کە دەوڵەتی ئیسرائیلمان لە هەڕەشەی لەناوچوونی ئەتۆمی پاراست. ئەگەر پەلەمان نەکردبایە لە لێدانی ئێران، ئەوان دەبوونە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی، چونکە ئێران بە خێرایی بەرەو پرۆگرامی ئەتۆمی و مووشەکی دەڕۆیشت بۆ ئەوەی لە ژێر زەویدا بیشارێتەوە. ئێمە مەترسیی لەناوبردنی ئیسرائیل و دانیشتووانەکەیمان بۆ چەندین ساڵ دوورخستەوە." نەتەنیاهوو شانازیی بە "دەستکەوتە سەربازییەکان"ی سوپاکەیەوە کرد و گوتی: "ئێمە محەممەد زەیف، ئیسماعیل هەنییە، یەحیا سنوار و زۆربەی سەرکردەکانی حەماسمان کوشت. پێموایە تەنیا یەک سەرکردە ماوە کە ئەویش دەکوژرێت. ئێمە چووینە ناو شاری غەززە و سەرجەم بارمتەکانمان گەڕاندەوە. هەروەها حەسەن نەسروڵڵامان کوشت و رێگریمان لە داگیرکردنی ناوچەی جەلیل کرد بە لەناوبردنی هێزی رەزوان." "لە لوبنان، سووریا و غەززە دەمێنینەوە" سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، هێزەکانیان لەو ناوچانە ناکشێننەوە کە کۆنترۆڵیان کردوون. "ئێمە ناوچەیەکی دابڕاو یان ئەمنیمان لە لوبنان دروستکردووە و تاوەکو کاتی پێویست لەوێ دەمێنینەوە. ئێران دەیویست لەوێ بکشێینەوە، بەڵام ئەمە روونادات، چونکە من زۆر بە تووندی لەسەر ئەم هەڵوێستە وەستام. هەروەها چەکەکانی رژێمی ئەسەدمان تێکشکاندووە و رێگە نادەین رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەر سنوورەکانمان جێگیر بن." رێککەوتنی تاران-واشنتن نەتەنیاهوو لەبارەی رێککەوتنی ترەمپ و ئێران گوتی: "ئەم رێککەوتنە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەمریکاوە کراوە، ئەوە بڕیاری ئەوە. من تەنیا دەڵێم ئێمە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆمانمان هەیە و بە رێککەوتن یان بەبێ رێککەوتن، رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ترەمپ گوتی: "پەیوەندیی نێوانمان پەیوەندیی نێوان هاوبەشانە کە ماوەیەکی درێژە یەکدی دەناسن. زۆرجار رێکدەکەوین و هەندێکجاریش ناکۆک دەبین، کە ئەمە لە باشترین خێزانەکانیشدا روودەدات." نەتەنیاهوو گوتی، ناتوانرێت بە تەواوی لێدوان و خواستەکانی ئەمریکا پشتگوێ بخرێن. نەتەنیاهوو زیانە ئابوورییەکانی ئێرانی بەهۆی جەنگەکەوە بە "نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار" خەمڵاند. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی کۆتایی ئەم ساڵی ئیسرائیلدا دەکات و بەنیازە بیباتەوە. هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی نەتەنیاهوو، حیزبوڵڵای لوبنانی رایگەیاند رۆژی دووشەممە بەرپەرچی هێزێکی ئیسرائیلییان داوەتەوە کە هەوڵیداوە پێشڕەوی بکات لە باشووری لوبنان. حیزبوڵڵا رایگەیاند، بە بەکارهێنانی مووشەک و درۆن رێگرییان لە هێزێکی ئیسرائیلی کردووە، کە لە باجەرێک و دوو تانکی مێرکاڤا پێکهاتبوو و خەریکی پێشڕەوی بوون لە نزیک شارۆچکەی کفر تێبنیت لە نزیک شاری نەبەتیە. ئەمە لە کاتێکدایە ئاژانسی فەرمیی لوبنان رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە درۆنێکی ئیسرائیلی ئۆتۆمبێلێکی لە هەمان ناوچە کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی کوژرانی شۆفێرەکەی. سەرچاوەیەکی فەرمی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لوبنان لە مەرجەکانی رێککەوتنەکە یان کاتی ئاگربەستەکە ئاگادار نەکراوەتەوە، لە کاتێکدا لە دەستپێکی جەنگەکەوە لە 2ـی ئادارەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 3,700 کەس لەو وڵاتەدا کوژراون.