رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، توانای بەرگری و مووشەکیی وڵاتەکەی هێڵی سوورن و دانوستاندنیان لەسەر ناکرێت. دەشڵێت، بەپێی لێکتێگەیشتنە نوێیەکەی نێوان تاران و واشنتن، ماددە ئەتۆمییەکان لە ئێران نابرێنە دەرەوە و تەنیا خەستییەکەیان کەم دەکرێتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، 18-06-2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرای کرد، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد"یان بە شێوازی دیجیتاڵی واژۆ کردووە.
مەرجەکانی ئێران بۆ ئەمریکا
ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوە کرد کە پابەندبوونی ئێران بەندە بە رادەی پابەندبوونی ئەمریکاوە و گوتی: "لە 60 رۆژی داهاتوودا، دەبێت واشنتن هیچ گەمارۆیەکی نوێ نەسەپێنێت و هێزی سەربازی لە ناوچەکەدا زیاد نەکات."
بە گوتەی بەقایی، یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە کە دەبێت هەر لەمڕۆوە ئێران بێ گرفت دەست بە فرۆشتنی نەوت بکات و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دڵنیایی (بیمە) و گواستنەوە وەربگرێت، هاوکات ئەمریکا کۆسپەکانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لابدات.
چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات ناگوازرێتەوە. گوتیشی: "بژاردەی کەمکردنەوەی خەستیی ماددە پیتێنراوەکان لە ناوخۆی ئێران لە ئارادایە، ئەمەش بژاردەیەکی نوێ نییە و پێشتریش باسی لێوە کراوە."
ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ باسی لە بژاردەی کەمکردنەوەی خەستیی یۆرانیۆمی ئێران کردبوو، بەڵام بە مەرجی چاودێریکردنی لەلایەن پسپۆڕانی ئەمریکی و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمییەوە.
بەقایی ئاماژەی بە دۆسیەی مووشەکەکانی ئێران کرد و گوتی: "توانا بەرگرییەکانی ئێران لە هیچ قۆناخێکدا دانوستاندنیان لەسەر ناکرێت. لەو 60 رۆژەدا تەنیا باسی بابەتی ئەتۆمی و لادانی گەمارۆکان دەکرێت و مووشەکەکانی ئێمە حەز ناکەن باسیان لێوە بکرێت."
سەبارەت بەوەی بۆچی مەراسیمی واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە سویسرا بەڕێوەنەچوو، بەقایی روونیکردەوە: "بۆمان دەرکەوت باشترە دەقەکە بە شێوەی ئۆنلاین لەلایەن هەردوو سەرۆکەوە واژۆ بکرێت. کاتێک بەرزترین بەرپرسی وڵات واژۆی دەکات، تێچووی پێشێلکردنی زۆرتر دەبێت." ئاشکراشی کرد کە هێشتا ئەگەری سازکردنی کۆبوونەوەیەک لە سویسرا بۆ قۆناخی داهاتووی دانوستاندنەکان لە ئارادایە.
تەنگەی هورمز و هاتووچۆی کەشتییەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران باسی لە تەنگەی هورمز کرد و رایگەیاند، بەرپرسیارێتی پاراستنی تەنگەکە لە ئەستۆی ئێران و عومانە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پابەندییەکانی ئەمریکا بۆ لادانی گۆشەگیریی دەریایی دەستیپێکردووە و کەشتییەکانی ئێران بەبێ گرفت هاتوچۆ دەکەن.
بەقایی گوتی: "دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا قەبارەی هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش دەستپێکردنی جەنگەکە (پێش 28ی شوبات)."
