رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەربازیی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، جەنگ کۆتایی نەهاتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێ شەڕ بە جۆرێک کۆتایی بێت کە ئێران تاوەکو 50 ساڵی داهاتوو نەچێتەوە نێو شەڕ.
موحسین رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران و راوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری سەربازی، ئەمڕۆ 19ی حوزەیرانی 2026، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی لەبارەی جەنگی تاران لەگەڵ واشنتن و تەلئەڤیڤ و دۆخی ناوچەکە قسەی کرد و گوتی، "دۆخی شڵەژاوی نێوخۆی ئەمریکا، ماندووبوون و نەبوونی ئامادەیی لەنێو سەربازانی ئەمریکا، نەبوونی چارەسەری سەربازی بۆ تەنگەی هورمز، رێگرییەکانی کۆنگرێس، هاوڕانەبوونی هاوپەیمانانی واشنتن و گوشارە نێودەوڵەتییەکانی هەندێک وڵات لە گرنگترین هۆکارەکان بوون بۆ ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە جەنگی ئێراندا بگەنە بنبەست."
موحسین رەزایی گوتی، "دووژمن لە رۆژی پازدەیەمی شەڕەکەوە تێگەیشت کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەست داوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە چەکدارەکانی ئێران زیانیان بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیاکانی ئەمریکا گەیاند.
راوێژکارەکەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران باسی لەوەش کرد کە شەڕ هێشتا کۆتایی نەهاتووە و داوای لە هاووڵاتییانی ئێران کرد لە گۆڕەپانەکان بمێننەوە.
سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا، موحسین رەزایی گوتی، دەبێت لەگەڵ داواکارییەکانی ئێراندا بگونجێ و دەقەکانی تایبەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان بە وردی و روونی لە رێککەوتنەکەدا جێگەیان بکرێتەوە.
رەزایی رایگەیاند، "ئێمە لەم 14 خاڵەی کە ئێستا هەیە، داوامان کردووە هێزەکانی ئەمریکا 30 رۆژ دوای رێککەوتنی کۆتایی لە دەوروبەری ئێران نەمێنن. بەڵام رەنگە ئەوان بڵێن 'دەوروبەری ئێران' تەنیا 12 میلی ئاوە کەناراوییەکان دەگرێتەوە، کە ئەمەش بۆ ئێمە قبووڵکراو نییە."
موحسین رەزایی گوتی، دەبێت شەڕ بە جۆرێک کۆتایی بێت کە ئێران تاوەکو 50 ساڵی داهاتووش نەچێتە نێو شەڕەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا رۆژی 18ی حوزەیرانی 2026 لەلایەن سەرۆکەکانی ئێران و ئەمریکا بەشێوەی دیجیتاڵی واژۆ کرا.
