رووداو دیجیتاڵ
بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ چەندین ساڵی داهاتوو لەو "ناوچە ئەمنییە" دەمێنێتەوە کە ئێستا لە ناو خاکی لوبنان دا کۆنترۆڵی کردووە؛ تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش داوای کشانەوەیان لێ بکات، ناکشێنەوە.
سمۆتریچ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (ماکۆر ریشۆن) رایگەیاند، پێشبینی ناکات ئەمریکا داوای کشانەوەیان لە لوبنان لێ بکات، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەمریکییەکان لە هێڵە سوورەکانی ئێمە تێدەگەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا سوپای ئیسرائیل بۆ چەند ساڵ لە لوبنان دەمێنێتەوە؟ وەزیرەکەی ئیسرائیل گوتی، "بەڵێ، من ئەمە وەک کەسێک دەڵێم کە ئێستا سەرقاڵی دانوستاندنم لەسەر بودجەی بەرگریی وڵات بۆ دەیەی داهاتوو."
دروستکردنی بنکەی سەربازی
سەبارەت بە ئەگەری دروستکردنی بنکەی سەربازیی هەمیشەیی لەو ناوچانەی لوبنان، سمۆتریچ گوتی: "بێگومان، هەموو شتێک دروست دەکەین. ئێمە لەوێ دەمێنینەوە تاوەکو حیزبوڵڵا چەک دادەنێت، تەنانەت پێموایە دوای ئەوەش دەمێنینەوە، چونکە پێویستمان بە سنوورێکی پارێزراوە."
ئەو وەزیرەی ئیسرائیل رەخنەی لە سنوورەکانی رێککەوتنامەی "سایکس-پیکۆ"ی ساڵی 1916 گرت و گوتی، ئەو سنوورانە "بێمانان" و رەچاوی تۆپۆگرافیای ناوچەکەیان نەکردووە.
سمۆتریچ، مەرجی بۆ کشانەوەیان لە لوبنان دانا و گوتی، تاوەکو حیزبوڵڵا چەک دانەنێت "یەک ملیمەتر" پاشەکشە ناکەن و گوتیشی: "ئەمە تەنیا بۆچوونی من نییە، بەڵکو هەڵوێستی سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگرییشە، ئێمە هەموومان سوورین لەسەر ئەم بڕیارە."
