نامەیەکی هەڵکەوتی جوانەمەرگ کە ئەم ماوەیە بۆی ناردووم و تەنیا لای من هەیە، پڕە لە دڵگەرمی و رێز، تژییە لە رەوشتی بەرز و کەشخەیی لە مامەڵە و گفتوگۆکردن.لە راستیدا نامەکەی هەڵکەوت وەڵامی نامەیەکی من بوو لەسەر پرسێکی تەواو رۆژنامەڤانی.
ئەو لەبەر چرقەی گەرمای تاقەتپڕوکێنی بەغدا لەنێو ئەو هەموو ململانێ کوردکوژەی نێوان لایەنە کوردستانییەکان خۆیان و ئەو هەموو دژایەتییەی لایەنە عێراقییەکان بەرامبەر کوردستان وەڵامی هاوکارانی دەدایەوە، بەڵام بەوپەڕی خاکەڕایی و دڵخۆشییەوە، کە گوێم لە نامە دەنگییەکەی بوو هەستم بە زەردەخەنەکە شیرینەکەشی دەکرد.
بۆ هەموو هاوڕێ، هاوکار، هاوپیشە، بینەران لە هەمووشی گرنگتر دایک و باوک، ژن و منداڵ، خوشک و برا و کەسوکاری، کۆستی لەدەستدانی هەڵکەوتی شیرین زۆر سەختە.
ئەوەی تاڵیی و ئازاری لەدەستدانی هەڵکەوتی تۆزێک لەسەر کەمکردینەوە ئەو خرۆشانە جەماوەرییە خۆڕسکە بوو کە بە چاوی خۆمان بینیمان، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیارییەتیی هەموومانی بەرامبەر بینەرانمان بردە ئاستێکی دیکەوە .
ئەو هەموو خۆشەویستییە خۆڕسکەی خەڵک بۆ کاک هەڵکەوت مانای گەورەی هەیە و مایەی تێڕامانە.
بەداخەوە کاکە هەڵکەوت ماڵئاوایی لێکردین، بەڵام کۆچەکەشی هەر پەیام بوو، لە مردنەکەیدا وەسیەتێکی زۆر ورد و جوان هەیە، وەسیەتە بێدەنگەکەکەی کاکە هەڵکەوت ئەمانەی تێدا نووسراون؛
1- وەسیەت بۆ هەمووان
هەڵکەوت پێماندەڵێت لەسەر ئاستی کەسیدا لەگەڵ دایک و باوکتان باش بن، کە مرۆڤ ئەم خاسیەتەی هەبوو، هەموو خەڵک خۆشیدەوێت، کە خزمەتی جوانی و شایستەی دایک و باوکت کرد لە خۆتەوە
هەست بە دڵخۆشی و خۆشبەختییەکی کەموێنە دەکەیت. هەڵکەوت نموونەیەکی باڵای مامەڵەی دروست بوو لەگەڵ دایک و باوکی.
هەڵکەوت لەگەڵ هاوژین، منداڵەکانی، کەسوکار و خەڵکیدا خەریکی بەخشینەوەی خۆشەویستی و رەواندنەوەی رق بوو، خەریکی چاندنی چاکە و هەڵتەکاندنی خراپە بوو، چاکە و خۆشەویستی دوو نیشانەی هەرە جوان و جیاکەرەوەی هەڵکەوتی شیرین بوون.
2- وەسیەت بۆ سیاسییەکان
هەڵکەوت بە زمانی حاڵ بە سیاسییەکانمان دەڵێت نیشتیمانی و کوردستانی و گەورانە کار بکەن، ناوچەگەری و حیزبگەرایی وەلا بنێن، ئێمە هەموومان لە هەمان کەشتی داین، هەموو هاونیشتمانییان بە هەمان ئاست و چاو سەیر بکەن، ئەگەر دەتانەوێت گەورە بن بەرژەوەندیی خەڵک بخەنە پێش بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی، بنەماڵەیی و ناوچەیی.
3- وەسیەت بۆ رۆژنامەڤان و میدیاکاران
کاکە هەڵکەوت بە هەموو میدیاکاران دەڵێت ئەگەر دەتانەوێت خۆشەویستی خۆتان لە دڵی خەڵکدا بڕوێنن، بەدوای ڤیو و لایکدا مەڕۆن، ئەمانە دوو رێگەی تەواو دژ بە یەکن و دوو ئاراستەی جیاوازیان هەیە.
هەڵکەوتی رەوانشاد هەرگیز لەسەر شاشە قسەیەکی ناشیرینی بە هیچ کەس و لایەنێک، بە دامەزراوەیەکی میدیایی و سیاسی نەگوت، بەوپەڕی رێز و ئەدەبەوە پەیامەکانی گەیاند، نە کەسی بریندار کرد و نە کێبڕکێی ناشیرینی لەگەڵ هیچ کەسێکدا کرد.
هەڵکەوت بەمە گەورەتر بوو، شیرینتر و سەنگینتر بوو.
هەڵکەوت بەبیری هێناینەوە کە رێگە دروستەکە چییە، دووپاتی کردەوە کە سەنگینی و کاریگەری، ئەخلاقی بەرز و زمان شیرینی دەبێت چەکی ئێمە بن نەک وشەی زبر و شمشێری رۆژنامەڤانی، میدیایی و سۆشیەڵ میدیایی.
هەڵکەوت پێماندەڵێت لە سەختترین کاتی ململانێی نێوان لایەنە کوردستانییەکان نابێت بە کەمترین وشەش بەشدار و لایەنگیری بکەین، ئەمە رێگە راستەکەیە و هەر ئەمەیە لەسەر عەرشی دڵی خەڵک دەتکاتە پاشا.
هەڵکەوت بەو کۆچە سەختەی ئەو دابەشبوونە پڕ لە بەدبەختیەی میدیای کوردی نەهێشت، (کە رووداو قەت بەشێک نەبووە تێیدا و ناشبێت)، من دوو رۆژە هەست دەکەم هەڵکەوت کارمەندی هەموو میدیاکان بووە نەک تەنیا رووداو.
4- وەسیەت بۆ رووداو
کاکە هەڵکەوت لەڕووی رۆژنامەڤانییەوە پەروەردی قوتابخانە سەنگین و نیشتیمانییەکەی رووداو بوو، بە هەموومانی گوت ئەوەی رووداو چاندوویەتی لە دڵی خەڵک و بینەرانیدا هەستێکی قووڵە و عەشقێکی بێ کۆتایە، هێندە رەگداکووتاوە نە قەت هەڵدەکەندرێت نە قەت دەڕووخێندرێت.
من و هاوکارانم لە رووداو هەمیشە بەبیری یەکدی دەهێنینەوە کە نابێت هەرگیز بکەوینە ژێر کاریگەریی ئەو پوچگەرایە کاتییەی سۆشیەڵ میدیا کە ئەوپەڕی برەوی پێدەدرێت و کۆتاییەکەشی بەتاڵ و بێ کەڵکە.
بەردەوام بە یەکدی دەڵێین نابێت قەت ببینە بەشێک لە شەڕ و دابەشبوونە میدیاییەی کوردستان، نابێت هەرگیز پیشەییبوون و راستگۆییمان خەوشدار بکەین، ناشبێت بە کەمترین وشە زمانمان بەرامبەر بەو خوشک و برا هاوپیشانەمان بجوڵێت کە لەبەر هەر هۆکارێک مامەڵەی نابەجێمان لەگەڵ دەکەن، کاکە هەڵکەوت پیشانیداینەوە هەر ئەوە رێگە راستەکەیە.
