رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی بۆ مۆندیال دەهێنێت و ئەمشەو دوایین یاریی دۆستانەی ئەنجامدەدات، پێش ئەوەی بەرەو ئەمریکا بەڕێبکەوێت.
هەڵبژاردەکە بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، خۆی بۆ یارییەکانی مۆندیال ئامادەدەکات، رۆژانە لە ئۆیێراس مەشق و راهێنان دەکات و ئەمشەو لە دوایین یاریی دۆستانەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی نایجیریا یاریی دەکات، دوای ئەوەش شاندی هەڵبژاردەکە بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت.
پۆرتوگال چەند رۆژێک لەمەوبەر یارییەکی دۆستانەی لە چیلی بردەوە، ئەم یارییەی ئەمشەو دوایین یاریی دۆستانەیە و رۆبێرتۆ مارتینێز دەیەوێت دوایین هەڵسەنگاندن بۆ بژاردەکانی بکات.
یارییەکە کاژێر 22:45 لە پۆرتوگال بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوە هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالدا.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە مۆندیالدا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دوازدەیەم یاریی دەکات، بەرامبەر هەریەکە لە کۆنگۆی دیموکرات، ئۆزبەکستان و کۆڵۆمبیا یاریی دەکات و یەکەم یارییان لە هیوستن دەبێت، لە 17ـی ئەم مانگە کاتێک بەرامبەر کۆنگۆ یاریی دەکەن.
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری پۆرتوگال پێش بەڕێوەچوونی یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "کاپتنەکەمان لە ژیانی رۆژانەماندا نموونەیەکی باڵایە. رۆژانە واتە 24 کاژێر هەموو توانایەکی خۆت تەرخان بکەیت بۆ باشتربوون و یارمەتیدانی هەڵبژاردەی نیشتمانی. پێموانییە کاپتن یان هیچ یاریزانێکی دیکەی هەڵبژاردەکە بیر لە داهاتوو بکەنەوە".
راهێنەری پۆرتوگال زیاتر گوتی "کەس نازانێت داهاتوو چی تێدایە. لە تۆپی پێدا، پێکان هەیە، بارودۆخی جیاواز هەیە و هەندێک بڕیاریش هەن کە لە دەستی تۆدا نین. بۆیە تەواوی سەرنجمان لەسەر مەشقی ئەمڕۆیە؛ کە لە مەشقەکاندا باشترین بین، لە پلان و تاکتیکەکان تێبگەین، سبەی لە مەیدانی کردەییدا جێبەجێیان بکەین و ئەو شانازییە نیشان بدەین کە پۆشینی درێسی پورتوگال پێمان دەبەخشێت، هەموو شتەکە تەنیا ئەوەیە".
مارتینێز دەڵێت "ئەو نموونەیەی ئەو دای دەنێت هەر ئەمەیە بەو هەموو ئەزموونەی هەیەتی، تەنیا ئامانجی ئەوەیە هەوڵ بدات سبەی بۆ باشتربوون بەکاربهێنێت".

