رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەکەی، بەڵێنی واژۆکردنی گرێبەستێکی 150 ملیۆن یۆرۆیی بە یانەکەدا، دوای سەرکەوتنی پێرێز ناوی جولیان ئەلڤارێز وەک ئامانجی سەرەکی ئاشکرا کرا، بەڵام یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید نەک تەنیا دەستەوارەکەی رەتکردەوە، بەڵکو بە گاڵتەجاڕییەوە وەڵامی دراوسێ و رکابەرە مێژووییەکەی دایەوە.
پێرێز لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی دابوو یاریزانێکی ئاستبەرز بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بگوازێتەوە، ئەمەش وای کرد ئەندامانی یانەکە متمانەی پێ بدەنەوە و جارێکی دیکە وەک سەرۆک هەڵیبژێرنەوە. دوای بردنەوەی، ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند دەستەوارەیەکی بە بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی ئاتلێتیکۆ مەدرید کردووە بۆ کڕینی جولیان ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئەم بڕە پارەیەش دەبووە گەورەترین تێچووی گواستنەوە لە مێژووی ریال مەدرید کە پێشتر بە بڕی 127 ملیۆن یۆرۆ بۆ جود بێلینگهام تۆمار کرابوو.
وەڵامی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید تووند و پڕ لە توانج بوو، ئەوان دەستەوارەکەیان رەتکردەوە چونکە لە خوار نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یاریزانەکە بوو. بەرپرسانی ئاتلێتیکۆ بە شێوازێکی گاڵتەجاڕانە وەڵامیان دایەوە و گوتیان "ئێمە سوپاسگوزاری ئێوە نین بۆ هیچ شتێک". تەنانەت ریال مەدریدیان تۆمەتبار کرد بەوەی ڤیدیۆیەکی پاپایان دەستکاری کردووە و ئەو بەشەیان بڕیوە کە تێیدا پاپا دەڵێت هاندەری ئاتلێتیکۆیە.
ئەم ململانێیە زیاتر رەهەندی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەبوو، چونکە پێرێز توانی بەم هەنگاوە بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و سەرنجی هاندەران لەسەر کێشەکانی دیکەی یانەکە دوور بخاتەوە. سەرچاوەکانی نزیک لە جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری نوێی یانەکە ئاماژە بەوە دەکەن مێرێنگێ ئێستا زیاتر سەرنجی لەسەر هێڵی بەرگری و ناوەڕاستە و پلانی بۆ کڕینی هێرشبەری گرانبەها نییە.
جولیان ئەلڤارێز لەم نێوەندەدا بووەتە قوربانی، چونکە ئاتلێتیکۆ مەدرید بە دیاریکردنی نرخی 150 ملیۆن یۆرۆ، رێگەی لە یانەکانی دیکەی وەک بارسێلۆنا، ئارسیناڵ و پاریس سانجێرمان گرتووە کە دەیانویست بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بگوازنەوە. یاریزانە ئەرجەنتینییەکە کە وەرزی رابردوو 29 گۆڵی تۆمار کردبوو، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوامە. ئەو ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئامادەکاری بۆ یارییەکانی مۆندیال دەکات و هێشتا داهاتووی لەگەڵ دیێگۆ سیمۆنی و ئاتلێتیکۆ نادیارە.

