رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تێچووی گەشتی 600 لە هاندەرانی وڵاتەکەیان بە پاس لە ئەستۆ دەگرن بۆ ئامادەبوون لە دوایین یارییان لە قۆناخی کۆمەڵەکانی جامی جیهانی 2026، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا.
نرخی بلیتی شەمەندەفەر، کە بەشێوەیەکی ئاسایی 12.90 دۆلار بووە لە ناوەڕاستی شاری نیویۆرکەوە بۆ یاریگای مێت لایف لە نیوجێرزی، کە ئەڵمانیا لە 25ـی حوزەیرانی ئەم مانگەدا تێیدا لە دوایین یاریی کۆمەڵەی پێنجەمدا رووبەڕووی ئیکوادۆر دەبێتەوە، بۆ 150 دۆلار بەرزکرایەوە پێش ئەوەی بۆ 98 دۆلار دابەزێنرێت.
نرخی پاسەکانی گواستنەوە، کە لە سەرەتادا 80 دۆلار بوون بۆ گەشتێکی هاوشێوە، بۆ 20 دۆلار دابەزێنران. پارێزگاری ویلایەتی نیوجێرزی رایگەیاند کە هۆکاری بەرزیی نرخەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ رەتیکردووەتەوە پاڵپشتیی تێچووی گواستنەوە بکات.
یەکێتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "لە بەر رۆشنایی بەرزبوونەوەی تێچووی گەشتکردن بە پاس و شەمەندەفەر لە نیویۆرک لە کاتی جامی جیهانیدا، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هۆکاری گواستنەوەی بێ بەرامبەریان بۆ 600 هاندەر بۆ یاریی کۆتایی کۆمەڵەکە دابین کردووە".
لە بڵاوکراوەکەدا، وەک ئەوەی تۆڕی BBC گواستوویەتییەوە، ئاماژەی بەوە کراوە "جۆشوا کیمیچ و هاوڕێکانی لە تیپەکەدا تێچووی پاسەکان بۆ گواستنەوەی هاندەران لە نیویۆرکەوە بۆ یاریگای نیوجێرزی بۆ ئامادەبوون لە یارییەکەی بەرامبەر ئیکوادۆر لە ئەستۆ دەگرن".
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کاروانی خۆی لە مۆندیالی 2026 بە رووبەڕووبوونەوەی کوراساو لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دەستپێدەکات، دواتر لە گەڕی دووەمدا بەرامبەر کۆتدیڤوار یاری دەکات، پێش ئەوەی لە کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکاندا رووبەڕووی ئیکوادۆر ببێتەوە.
لە کاتی هەردوو مۆندیالی رووسیا و قەتەردا، هۆکارەکانی گواستنەوەی بێ بەرامبەر بۆ هاندەران دابین کرابوو بۆ گەیشتن بە یاریگاکان و ناوچە تایبەتەکانیان. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێککەوتنی میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە لە ساڵی 2018 پابەند بوو بە پێشکەشکردنی هەمان تایبەتمەندی، بەڵام لە هەموارکردنەوەی رێککەوتنەکەدا کە لەساڵی 2023 ئەنجامدرا، بڕیاردرا تێچووی گەشتەکە لە هاندەران وەربگیرێت.

