رووداو دیجیتاڵ
جۆش و خرۆشی ئیکوادۆر بۆ کۆتاییەکانی جامی جیهانی 2026، هەموو سنوورەکانی پەیوەست بە تۆپی پێی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە بوارەکانی دیکەش.
هەڵبژاردەی ئیکوادۆر لە کۆمەڵەی پێنجەم دایە، کە هەریەک لە ئەڵمانیا، کۆتدیڤوار و کوراساو لەخۆ دەگرێت.
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە دانیێڵ نۆبوا، سەرۆکی ئیکوادۆر، بڕیارێکی سەیری داوە، کە تەنیا لە ماوەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی جامی جیهانیدا جێبەجێ دەکرێت.
بەپێی ئەو بڕیارە، بیرە بە رێژەی 20% هەرزانتر دەبێت لە 11ـی حوزەیرانەوە تاوەکو 19ـی تەممووز، کە ئەو رۆژەیە مۆندیالی تێدا کۆتایی دێت.
نۆبوا لە کاتێکدا درێسی هەڵبژاردەی ئیکوادۆری پۆشێبوو و مایکرۆفۆنی بەدەستەوە بوو، بڕیارەکەی راگەیاند.
سەرۆکی ئیکوادۆر گوتی "باجی بەکاربردنی تایبەت ICE لەسەر هەموو ئەو خواردنەوانەی کە بۆ بەکارهێنانی مامناوەندن لادەبەین، لەوانەش بیرە، لە تەواوی ماوەی جامی جیهانیدا. بەمشێوەیە نرخی بیرە بەڕێژەی زیاتر لە 20% دادەبەزێت".
وەک چاوەڕوان دەکرا، پەرچەکردارەکان خێرا بوون و بڕیارەکە بە چەپڵە و هاواری جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێکرا، وەک رێکارێک کە تایبەت بۆ ئەم بۆنە جیهانییە داڕژراوە.
لە کۆتاییدا گوتی "هەر یەکێکتان دەتوانێت بەباشترین شێوەی گونجاو چێژ لە جامی جیهانی وەربگرێت، لەگەڵ هەڵبژاردەیەکی ناوازە کە هەمانە و لە پاڵەوانێتییەکەدا زۆر دوور دەڕوات".

