رووداو دیجیتاڵ
دوور لە گوشار و سەرنجی میدیاکان و هەرای هاندەران، ئێرلینگ هالاندی ئەستێرەی هەڵبژاردەی نەرویج، بە یاریی گۆڵف و سوپەرماریۆ، خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیال، ئامادە دەکات.
هەڵبژاردەی نەرویج لە کەمپی گرینسپۆرۆ، پاش 28 ساڵ دابڕان لە مۆندیال، خۆی بۆ پاڵەوانێتییە جیهانییەکە ئامادە دەکات. هالاند وەکئەوەی لە بێدەنگیی بەر لە زریاندا بژی، رۆژەکانی بەئارامی بەسەر دەبات.
هالاند لە نێو کەمپەکەدا، بەبێ هەرای میدیایی، بەبێ مەشقی تاقەتپڕوکێن، لە کەشێکی دابڕاودا کە پڕیەتی لە سرووشی سەرنجڕاکێش و تایبەت، یارییکردن و ئەتاری، خۆی بۆ یارییەکەی عێراق ئامادە دەکات.
هالاند لە کەمپەکەدا لە ئۆستیگاردی یاریزانی لاوی هەڵبژاردەکەوە زۆر نزیکە. ئۆستیگارد بەهۆی مۆندیالەوە، لە ساتی لەدایکبوونی یەکەم کۆرپەی بێبەش دەبێت.
هالاند دەڵێ، ئەگەر ئامۆژگارییەکی ئەوم بکردایە، پێمدەگوت ساتی لەدایکبوونی منداڵەکەت لەدەست مەدە.
هالاند لە کۆتاییەکانی 2025 لەگەڵ کچە هاوڕێکەی بووە خاوەنی یەکەم منداڵ، ئەو دەڵێ، "ئیدی ئەوە دەبێتە رۆتینێکی رۆژانە، بەڵام لەگەڵی رادێیت".
ئۆستیگارد دەڵێ، لە کەمپی هەڵبژاردەکە، گۆڵف بووەتە چالاکییەکی سەرەکیی و رۆژانەی هەمووان، "گۆڵفی زۆرمانکرد، من لەو یارییەدا زۆر شارەزانیم، بەڵام هالاند زۆر نایابە، بۆ من زۆرخۆشبوو کە رۆژانە چالاکیی بکەین و کاتەکەمان بەشتی دیکەوە بەسەر ببەین".
لە بەرامبەردا هالاند دەڵێ، "هەرکەسە و حەزی لە شتێکە، هەندێک حەزیان لە کۆنکانی کاخەزە، بەڵام ئێمە حەزمان لە گۆڵفە، زۆر پێدەکەنین، گاڵتەوگەپی زۆر دەکەین، سوپەرماریۆ و پۆکیمۆن دەکەین، دەزانین چۆن چێژ لە کاتەکانمان وەردەگرین".
هەڵبژاردەی نەرویج لە کۆمەڵەی نۆیەمی مۆندیال، لە پاڵ هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، سەنیگال و عێراق یارییدەکات.

