رووداو دیجیتاڵ
کوراساو وڵاتێکی بچووکە، بەڵام خەونێکی گەورە و جیهانیی کردووەتە راستی و بەشداری لە مۆندیالدا دەکات، یەکەم یارییشیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیایە.
کوراساو، ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنیا 156 هەزار کەسە، هەولێر ژمارەی دانیشتووانەکەی بەپێی دوایین راپرسی 1.2 ملیۆن کەسە و 7 هێندەی ئەو وڵاتەیە.
کوراساو، یەکەمجارە لە مێژوویدا بەشداری لە مۆندیالدا دەکات و بچووکترین نەتەوەن لە مێژوودا گەیشتبنە یارییەکانی جامی جیهان.
هەڵبژاردەکە لەژێر سەرپەرشتی دیک ئادڤۆکات، راهێنەری نێوداری هۆڵەندی یاریی دەکات، ئەو راهێنەرە تەمەنی 78 ساڵە و دەبێتە گەورەترین راهێنەر سەرپەرشتی هەڵبژاردەیەکی بەشدار لە مۆندیالدا بکات.
چاوەڕواندەکرێت هەزاران هاندەری هەڵبژاردەکە لە دەریای کاریبییەوە بچنە ئەمریکا بۆ ئەوەی لە یاریگادا پاڵپشتیی تیپەکەیان بکەن.
چیرۆکی هەڵبژاردەکە هێندە جوانە، یاریزانەکانی متمانەی تەواویان بەوە هەیە کە دەتوانن جیهان سەرسام بکەن.
کاپتنی هەڵبژاردەی کوراساو، لیاندرۆ باکونایە، ئەو یاریزانە لە یانەی ئیدر سپۆری باکووری کوردستان یاریی دەکات، بەهای دارایی پێکهاتەی هەڵبژاردەکە تەنیا 25 ملیۆن یۆرۆیە، لە کاتێکدا بەهای پێکهاتەی ئەڵمانیا 947 ملیۆن یۆرۆیە و 38 هێندەی بەهای کوراساوە.

