رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی میسر، بە سەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح و عومەر مەرمووش لە ئەمریکایە و ئەمشەو یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات.
هەڵبژاردەکە لە یەکەم دەرکەوتنیدا کاژێر 22:00 لە یارییەکی بەهێزدا بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا یاریی دەکات و دەیەوێت سوود لە ئەزموونی زۆر محەممەد سەڵاح و تواناکانی مەرمووش وەربگرێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش.
هەڵبژاردەکە چوارەمجارە بەشداری لە رکابەرییەکانی مۆندیالدا دەکات، یەکەم وڵاتی کیشوەری ئەفریقا بوو لە مۆندیالدا یاریی کردبێت، لە 1934 هەڵبژاردەکە گەیشتووەتە قۆناخی شازدە، 1990 و 2018 هەر قۆناخی کۆمەڵەکان کراوەتە دەرەوە، بۆیە ئەمجارە تیپەکە چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشترە.
فیرعەونەکانی میسر لە واشنتن دوایین ئامادەکارییەکانیان بۆ ئەم یارییە ئەنجامدا، تیپەکەی حوسام حەسەن ئامادەیە بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی یەکەم بکات لە مۆندیالدا.
یارییەکە بۆ محەممەد سەڵاح زۆر تایبەت و سەرنجڕاکێش دەبێت، لەکاتێکدا ئەمڕۆ رۆژی لە دایکبوونی ئەو یاریزانەیە و تەمەنی دەبێتە 34 ساڵ، بۆیە چاوی لەوەیە بە گۆڵکردن ئەم یادە پیرۆزبکات.
هەڵبژاردەی بەلجیکا، بە سەرکردایەتیی تیبۆ کۆرتوا بۆ مۆندیال ئامادەیە و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر هەڵبژاردەی میسر خۆی تاقیدەکاتەوە.
هەڵبژاردەکە لە سیاتڵ دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یاریی یەکەمیان لە مۆندیالدا بەرامبەر میسر ئەنجامدا و تیپەکە بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە و دەیەوێت هەر زوو تواناکانی بەبردنەوەی یەکەم سێ خاڵ پێشانی هەمووان بدات.
لە ریزەکانی بەلجیکا ئەستێرەی دیار هەن، تیبۆ کۆرتوا، کیڤن دیبرۆین، رۆمێلو لوکاکۆ، جێریمی دۆکۆ و چەندین یاریزانی دیکەی نێودار کە لە خولە گەورەکانی ئەورووپا یاریی دەکەن.
رودی گارسیای فەرەنسی راهێنەری هەڵبژاردەکەیە و دەیەوێت ئەو راهێنەرە بێت کە بۆ بەلجیکا ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
رێد دیڤڵز 15 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، ساڵی 2018 باشترین ئەنجامیان لە مێژووی هەڵبژاردەکەدا بەدەستهێنا و پلەی سێیەمیان بردەوە، ئەمجارە تیپەکە چاوی لە ئەنجامێکی باشترە.
پێشتر بەلجیکا و میسر 4 یاریی دۆستانەیان بەرامبەر یەکدی کردووە، میسر سێ یاریی بردووەتەوە و بەلجیکا یەک یاری، ئەمە یەکەم رووبەڕووبوونەوەی فەرمییە لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەدا.

