رووداو دیجیتاڵ
لە قەڵا و منارەی هەولێرەوە تاکو شەقامە پڕ لە ژیانەکانی سلێمانی، لە زاخۆی دەلالەوە تاکو سروشتە دڵگیرەکەی شەقڵاوە، لە عەنکاوەی پێکەوەژیانەوە تاکو دەربەندیخانی خۆڕاگر؛ شەش کوردستانی لە لووتکەی هەڕەمی تۆپی پێی جیهان یاریی دەکەن، بەشداری لە گەورەترین پاڵەوانێتیدا دەکەن و بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی نێودار و دیاری ئەورووپا دەبن.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، کاژێر 01:00 هەڵبژاردەی عێراق لە یەکەم یارییدا بەرامبەر نەرویج یاریی دەکات، دوای 40 ساڵ ئەمە یەکەم یاریی عێراقە لە مۆندیالدا.
مۆندیال بۆ هەڵبژاردەی عێراق دەستپێدەکات، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، یوسف ئەمین، مارکۆ فەرەج، ئەیمار شێر و رێبین سولاقا، ئەو یاریزانە کوردستانیانەن کە لەگەڵ هەڵبژاردەکەن و ئامادەن.
عێراق دوای 40 ساڵ بۆ جاری دووەم لە مێژوویدا گەیشتە مۆندیال، یەکەم دەرکەوتنی لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی نۆیەمدا بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج و هاوڕێکانی ئێرلینگ هالاند دەبێت.
هەڵبژاردەکە لە بۆستن دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە گرنگ و مێژووییە ئەنجامدا، سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکەی گراهام ئارنۆڵد بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە ئامادەن.
چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی مۆندیال، عێراق یارییەکی دۆستانەی گرنگ و ئاستبەرزی بەرامبەر ئیسپانیا ئەنجامدا و یەکسانبوو، لەو یارییەدا کوڕە زاخۆییەکەی هەڵبژاردەکە مێرخاس دۆسکی گۆڵێکی ناوازەی تۆمارکرد، ئەو یارییە وایکرد هەمووان بە چاوێکی دیکەوە سەیری هەڵبژاردەی عێراق بکەن.
لە 1986 هەڵبژاردەی عێراق لە مەکسیک بۆ یەکەمجار بەشداریی لە مۆندیالدا کرد، ئەمجارەش یەکێک لە وڵاتە میواندارەکان هەر مەکسیکە، لەو مۆندیالە عێراق هەرسێ یارییەکەی دۆڕاند، تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکرد و ئەحمەد رازی، ئەو مێژووەیە کە 40 ساڵە عێراقییەکان چاوەڕێن یاریزانێکی دیکە دووبارەی بکاتەوە.
عێراق دوایین هەڵبژاردە بوو گەیشتە مۆندیالی 2026، کاتێک لە دوایین یاریی پاشکۆی پاڵاوتنی جیهاندا، سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا بەدەستهێنا، بەشێوەیەکی گشتی هەڵبژاردەکە 21 یاریی لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامدا تاوەکو گەیشتە مۆندیال.

