رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی مۆندیال دەستپێدەکات و لە یەکەم یارییدا رووبەڕووی ئەرکێکی زەحمەت دەبێتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە کاژێر 04:00 ئەرجەنتین لە یەکەم یارییدا لە مۆندیالدا، بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەرامبەر هەڵبژاردەی جەزائیر یاریی دەکات و ئەوە دەبێتە یەکەم یاریی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا.
لیۆنێل مێسی، دوای ئەوەی بەهۆی ئەو پێکانەی لە ماسوولکەکانی پشتەوەی رانی تووشی بووبوو گومان لەسەر بەشداریکردنی هەبوو، بەڵام یاریزانەکە لە دوایین مەشقەکانی تانگۆدا بەشێوەیەکی ئاسایی مەشق و راهێنانی کردووە و بۆ یارییەکە بە تەواوی ئامادەیە.
ئەوەی ئەگەری هەیە یاریی نەکات نیکۆلاس تالیافیکۆیە، کە بەهۆی پچڕانی ماسوولکەی پشتەوەی قاچی دوورکەوتووەتەوە و سەرقاڵی وەرگرتنی چارەسەر.
ئەرجەنتین پاڵەوانی مۆندیالی رابردووە، لە مۆندیالی 2022 لە یەکەم یارییدا بەرامبەر سعودیە یارییکرد و دۆڕا و دوای ئەوە نازناوەکەی بردەوە، ئەمجارە تیپەکە دەیەوێت بەهێزترەوە بچێتە نێو رکابەرییەکە و بەبردنەوە هەنگاوەکانی بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی دەستپێبکات.
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەبارەی یارییەکەوە گوتی "جەزائیر رکابەرێکی هاوشێوەی مەغریبە. شێوازی یاریکردنیان زۆر لە یەک دەچێت و یاریزانی گەورەیان هەیە. راهێنەرێکی نایابیان هەیە کە من دەیناسم، ئەو وای لە تیپەکەی کردووە زۆر باش یاری بکەن. بە سەیرکردنی یارییەکەی بەرازیل و مەغریب، پێم وایە ئەوە دەکرێت نموونەیەکی باش بێت؛ نابێت زیاد لە پێویست متمانەمان بە خۆمان هەبێت."
لەبارەی ئەوەی یارییەکە ئاسان دەبێت یان نا، سکالۆنی بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەروەها وەک لە یارییەکەی ئیسپانیادا بینیمان، هیچ رکابەرێکی ئاسان بوونی نییە. بۆیە کاتێک رووبەڕووی ئاڵنگارییەک دەبیتەوە، وا دەردەکەوێت راهێنەر تەنیا دوگمەیەک دەنێت و هەمیشە هەمان وەڵام دەداتەوە، بەڵام لە ئاستی هەڵبژاردە نیشتمانییەکاندا، ئەوان شایستەی ئەوە بوون لە مۆندیالدا بن. جەزائیر ئێمە نیگەران دەکات چونکە تیپێکی باشن و دەبێت لە ئاستێکی زۆر بەرزدا یاری بکەن. بۆیە، ئەمە تاقیکردنەوەیەکی باش دەبێت؛ دەزانین یەکلاکەرەوە نییە، بەڵام زۆر گرنگە."
هەڵبژاردەی جەزائیر بۆ یەکەمجار لە پاڵەوانێتییەکی فەرمیدا بەرامبەر ئەرجەنتین یاریی دەکات و لە یەکەم رووبەڕووبونەوەیاندا لە مۆندیالدا بەرامبەر پاڵەوان یاریی دەکات.
جەزائیر لە کانساس دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییە مێژوویی و گرنگەکەیان بەرامبەر ئەرجەنتین ئەنجامدا و تیپەکە بۆ یارییەکی گەورە ئامادەیە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەکەدا ریاز محرز دیارترین ئەستێرەیە و کاپتنی هەڵبژاردەکەیە، ئەوان ئەرکیان قورسە، بەڵام دەیانەوێت جیهان سەرسام بکەن و لە یەکەم یارییدا بە ئەنجامێکی ئەرێنییەوە دەربکەون.
جەزائیر 5 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، هەڵبژاردەکە لە 2014 گەیشتە قۆناخی شازدەی مۆندیال، لە دوو مۆندیالی رابردوودا هەڵبژاردەکە سەرنەکەوتبوو.
جەزائیر و ئەرجەنتین لە ساڵی 2007 یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا، ئەرجەنتین 4-3 یارییەکەی بردەوە، ئەمە جاری یەکەمە لە یارییەکی فەرمیدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

