رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، سێیەمی گرێبەستی گواستنەوەی لە ماوەی بەڕێوەچوونی مۆندیالدا راگەیاند و بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئیبراهیما کۆناتێ ئاشکرا کرد.
ریال مەدرید لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ئیبراهیما کۆناتێ، بەرگریکاری فەرەنسی گەیشتە رێککەوتن و تاوەکو 30-6-2032 پەیوەندی بە یانەکەوە دەکات".
گواستنەوەی ئەو یاریزانە لەکاتێکدایە دوای کۆتاییهاتنی وەرزی خولە گەورەکانی ئەورووپا، یاریزانەکە لە یانەی لیڤەرپوول رۆیشت و بە گرێبەستێکی ئازاد و بێبەرامبەر پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی شاهانەوە دەکات.
ئەمە سێیەم گرێبەستی یانەی ریال مەدریدە، لەو کاتەوەی مۆندیالی 2026 دەستیپێکردووە، هەریەکە لە مارک کوکورێیا، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانی و یانەی چێڵسی، بێرناردۆ سیلڤا، ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر سیتی پێشتر گواستنەوەیان لەلایەن یانەکەوە راگەیێنراوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، ریال مەدرید دوای ئەوەی جارێکی دیکە فلۆرێنتینۆ پێرێز بووەوە سەرۆکی یانەکە، جۆزێ مۆرینیۆ بە راهێنەری تیپەکە دەستنیشانکرد و سێ گرێبەستی لە پرێمەرلیگەوە لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا یەکلاکردەوە.
جگە لەم گرێبەستانە دێنزێل دۆمفرێس، بەرگریکاری هۆڵەندی و یانەی ئینتەرمیلانیش گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید تەواو بووە و تەنیا ماوە یانەکە بەفەرمی گرێبەستەکەی رابگەیێنێت.

