رووداو دیجیتاڵ ئەلفۆنسۆ دەیڤز، بەتەواوی گەڕاوەتەوە نێو مەشق و راهێنانەکانی هەڵبژاردەی کەنەدا و بۆ یاریی دووەمی هەڵبژاردەکە لە مۆندیالدا ئامادەیە. کاژێر 01:00 لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی دووەمدا، لە گەڕی دووەمدا، کەنەدای میوانداری مۆندیال ئەمجارە لە یاریگای بی سی پلەیس لە ڤانکۆڤەر بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر یاریی دەکات و دەیەوێت یەکەم بردنەوە تۆماربکات. پێش ئەم یارییە و لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا ئەلفۆنسۆ دەیڤز، ئەستێرەی هێڵی بەرگری هەڵبژاردەکە بەتەواوی بەشداریی لە مەشقە بە کۆمەڵەکاندا کرد و بەرگریکارەکە بۆ یارییەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات. قەتەر لە یاریی یەکەمیدا جیهانی سەرسامکرد، کاتێک لە دوایین ساتەکاندا یارییەکەی بەرامبەر سویسرا یەکسانکردەوە و خاڵێکی بەدەستهێنا. ئەوە یەکەم خاڵی قەتەر بوو لە مێژووی مۆندیالدا و ئەمجارە بەرامبەر کەنەدا چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە بۆ زیادکردنی خاڵەکانی و هێشتنەوەی هەلی گەیشتن بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال. ئەمە یەکەم یاریی فەرمی نێوان هەردوو هەڵبژاردەیە، پێشتر تەنیا یەکجار لە یارییەکی دۆستانەدا لە 2022 رووبەڕووی یەکبوونەوە و کەنەدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە. هەڵبژاردەی چیک و ئەفریقای باشوور لە دووەم یارییاندا بەرامبەر یەکدی یاریی دەکەن و دەیانەوێت قەرەبووی دۆڕانیان لە گەڕی یەکەمدا بکەنەوە. چیک رۆژی رابردوو دوایین مەشقەکانی لە مانسفیڵد ئەنجامدا و چووە ئاتڵانتا بۆ ئەنجامدانی دووەم یاریی لە مۆندیالدا و دەیەوێت بە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشتر لەوەی گەڕی یەکەم هاندەرانی رازی بکات. چیک لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر کۆریای باشوور دۆڕا، بردنەوە لە یارییەکەی ئەم ئێوارەیەدا هەلی ئەو یانەیە بۆ مانەوە لە رکابەرییەکەدا زیندوو دەکاتەوە. هەڵبژاردەی ئەفریقای باشوور، لە یاریی کردنەوەی مۆندیالدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی مەکسیک دۆڕا، جگە لەوەش یایا سیتۆلێ و تێمبا زوانێ لە هەڵبژاردەکە بە کارتی سوور کرانە دەرەوە و ئەمڕۆ ناتوانن یاریی بکەن. ئەفریقای باشوور و چیک لە 1997 بۆ یەکەمجار رووبەڕووی یەکبوونەوە و ئەو کات هەردوولا بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک یەکسانبوون، بەڵام ئەمڕۆ هەردوو تیپەکە پێویستیان بەبردنەوەیە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە نێو رکابەرییە.