رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی تورکیا، وەکو دووەم هەڵبژاردە ماڵئاوایی لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 کرد، دوای ئەوەی دووەم یاریی لەسەریەکی دۆڕاند.
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەمی قۆناخی کۆمەڵەکان و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، هەڵبژاردەی تورکیا بەرامبەر پاراگوای یارییکرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند.
دوای تەنیا یەک خولەک یارییکردن، ماتیاس گالارزا گۆڵی پێشکەوتنی بۆ پاراگوای بەلێدانێکی بەهێز تۆمارکرد و هەڵبژاردەکەی پێشخست.
لە کاتی زیادکراوی نیوەی یەکەمدا، بەهۆی ئەوەی میگێل ئالمیرۆن، یاریزانی پاراگوای دەستی نا بە دەمییەوە و قسەی بە یاریزانێکی تورکیا گوت، ناوبژیوانی یارییەکە گەڕایەوە بۆ ڤار و ئەو یاریزانە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
بەمشێوەیە بۆ یەکەمجار ئەو یاسایە لەلایەن فیفاوە بەکارهێنرا، بۆ ئەوەی رێگری لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکەی جیانلوکا پرێستیانی بەرامبەر ڤینیسیۆس جونیۆر بگیرێت.
لە نیوەی دووەمدا تورکیا چەند هەلێکی بۆ گۆڵ کردن لەدەستدا، سەرەڕای ئەوەی هەوڵی زۆریدا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە.
یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی پاراگوای کۆتاییهات، هەڵبژاردەکە یەکەم سێ خاڵی بەدەستهێنا، تورکیا بۆ دووەم یاریی لەسەریەک دۆڕا و ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد.
هەڵبژاردەی تورکیا دووەم هەڵبژاردەیە لە مۆندیالدا دەچێتە دەرەوە، دوای هەڵبژاردەی هایتی، کە ئەوان بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەرامبەر بەرازیل دووەم یارییان دۆڕاند و ماڵئاواییانکرد.
تورکیا لە دوو یاریی مۆندیالدا، هەردوو یارییەکەیان دۆڕاندووە، هیچ گۆڵێکیان نەکردووە، سێ گۆڵیان لێکراوە و هیچ خاڵێکیشیان کۆنەکردووەتەوە.

