رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەنووسێکی بەناوبانگی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، لە هاوینی ئەمساڵدا، فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆمبێکی گەورە دەتەقێنێتەوە، دووپاتیکردووەتەوە یانەی ریال مەدرید پێویستی بەگۆڕانکاریی ریشەیی لە پێکهاتەکەیدا هەیە.
رۆبێرتۆ گۆمێزی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی رایگەیاندووە، "فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید خۆی بۆ شتێکی گەورە ئامادە دەکات، ئەو شتەش زۆر گرنگە".
گۆمێز دەڵێ، جمووجوڵەکانی یانەی ریال مەدرید، تەمومژاوین و شتیان لە پشتەوەیە.
ئەو رۆژنامەنووسە زیاتر دەڵێ، ریال مەدرید پێویستی زۆری بەگۆڕانکاری هەیە، دووپاتیکردووەتەوە کە ئەوە "لەبەرژەوەندیی یانەکەیە" و روونیکردووەتەوە، "ئەگەرچی پێکهاتەی ئێستای تیپەکە باشە، بەڵام ئامانجی داهاتوو زۆر گەورەیە".
رۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە هەروەها دەڵێ، "پێموایە فلۆرێنتینۆ خەریکی شتێکە و هەموو فۆکەسی لەسەر ئەو شتەیە". دووپاتیکردووەتەوە ئەوەی ئەو دەیڵێت، خوێندنەوەیە بۆ رووداوەکان، نەک درکاندنی زانیاریی.
ئەو دەڵێ، سەرۆکی ریال مەدرید، "بەدوای یاریزانێکدا دەگەڕێت کە کاریگەریی گەورە لەسەر هاندەرانی یانەکە دروست بکات".
ئەو هەروەها دووپاتیکردووەتەوە، "دەبێ ئەستێرە دەستنیشانکراوەکە کە ریال مەدرید دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، ئەستێرەیەکی جیهانی بێت".
قسەکانی ئەو رۆژنامەنووسە، لە میدیاکاندا وا لێکدراوەتەوە کە ریال مەدرید بەنهێنی کاربکات بۆ رازیکردنی بایرن میونشن، لەپێناو دەستبەرداربوون لە مایکڵ ئۆلیسێ، لە کاتێکدا پێشتر ریال مەدرید دەستەوارەیەکی بە 150 ملیۆن یۆرۆ دابووە ئاتلێتیکۆ مەدرید، بۆ دەستبەرداربوون لە جولیانۆ ئەلڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینیی، بەڵام ئەو یانەیە رەتیکردبووەوە.
ریال مەدرید تاوەکو ئێستا، لە پاش راگەیاندنی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی یانەکە، گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە براهیما کۆناتێ، مارک کوکورێیا و بێرناردۆ سێلڤا راگەیاندووە و نزیکە لە راگەیاندنی گرێبەستی چوارەم کە دینزڵ دۆمفرێسە.
ریال مەدرید هەروەها کاردەکات بۆ رازیکردنی یانەی چێڵسی، لەپێناو دەستبەرداربوون لە ئینزۆ فێرناندێزی ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی یانەی چێڵسی ئینگلیزی.

