رووداو دیجیتاڵ
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی Goalـی جیهانی، جۆزێ مۆرینیۆ، هەنگاوێکی کەم لە گەڕانەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ دوورە. بەپێی هەواڵەکە، 'سپێشەڵ وەن' لەسەر گرێبەستێکی سێ ساڵە لەگەڵ یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام کێشەیەکی دارایی گەورە بەرۆکی ئەم گواستنەوەیەی گرتووە.
هەڵبژاردنەکانی مەدرید رێگرن سەرەڕای هەبوونی رێککەوتنی زارەکی، بەڵام تاوەکو ئێستا ریال مەدرید بەفەرمی مۆرینیۆی وەک راهێنەر دانەناوە. هۆکارەکەش بۆ دروستبوونی تەنگژەی هەڵبژاردن و ململانێ لەنێو یانە مەدریدییەکە دەگەڕێتەوە. فلۆرێنتینۆ پیرێز، سەرۆکی یانەکە، دوای دوو دەیە بۆ یەکەمجار رووبەڕووی رکابەرییەکی سەخت دەبێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لەلایەن ئینریکێ ریکێلمێ. پیرێز ئێستا تەواوی هزری لەسەر بانگەشەی هەڵبژاردنە و ئەمەش وایکردووە واژۆکردنی گرێبەستی مۆرینیۆ دوابکەوێت.
هەڵەیەکی 15 ملیۆن یۆرۆیی ئەم دواکەوتنە لە بەرژەوەندی یانەی بێنفیکا شکایەوە
بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی مۆرینیۆ لەگەڵ بێنفیکا تەنیا 7 ملیۆن یۆرۆ بوو، بەڵام وادەی ئەو بڕگەیە لە رۆژی سێشەممە 26ـی ئەم مانگە کۆتایی هات.
ئێستا هەر یانەیەک مۆرینیۆی بوێت، دەبێت 15 ملیۆن یۆرۆ بداتە بێنفیکا. ئەمەش وایکردووە روی کۆستا، سەرۆکی یانە پۆرتوگالییەکە، پێگەی لە دانوستانەکاندا بەهێزتر بێت و داوای تەواوی بڕە پارەکە بکات.
گەڕانەوە بۆ تەواوکردنی کارە ناتەواوەکان مۆرینیۆ
مۆرینیۆ کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 راهێنەری ریال مەدرید بووە و نازناوی لالیگای بە 100 خاڵەوە بردەوە، ئێستا گەڕانەوەکەی وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ تەواوکردنی ئەو کارانەی پێشتر بۆی نەکرا، بەتایبەت بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ.
گرێبەستە نوێیەکەی مۆرینیۆ لەگەڵ ریال مەدرید مەرجی ئەوەی تێدایە، هەرچەندە بۆ سێ ساڵە، بەڵام مانەوەی پەیوەست کراوە بە ئەنجامەکانەوە، ئەگەر مۆرینیۆ بتوانێت لە ماوەی 2 ساڵی داهاتوو یەکەمدا نازناوی لالیگا بۆ بێرنابیۆ بگەڕێنێتەوە، ئەوا پێگەکەی لە پۆستەکەیدا بەهێزتر و جێگیرتر دەبێت.

