رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی نێودەوڵەتی و دەستبەسەرداگرتنی 200 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری لە نێو خاکی سووریا راگەیاند.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان، رۆژی یەکشەممە، 14ـی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی هاوبەشدا، کە چەند رۆژێکی خایاند، مەفرەزەکانمان بە هاوئاهەنگیی راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی سووریا، لە نێو خاکی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک ئۆپراسیۆنیان کرد."
بەگوتەی عەقید عەباس بەهادلی، لەو ئۆپەرسیۆنەدا توانیمان تۆڕێکی نێودەوڵەتی هەڵبوەشێنینەوە و نۆ بازرگانی گەورە دەستگیربکرێن و دەستیش بەسەر 200 کیلۆگرام لە جۆرە جیاوازەکانی مادەی هۆشبەر گیراوە، لە هەریەک لە پارێزگاکانی دێرزوور و حومس.
لەکاتی راوەدوونان و دەستگیرکردنیان بازرگانەکان هەوڵی راکردنیان داوە، لەکاتی دانپێدانانیان شوێنی شاردنەوەی مادە هۆشبەرەکانیان ئاشکرا کردووە، کە دەکەوێتە ناوچەی سنووریی لوبنان و سووریا.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بڕە مادە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە، ئامادەکرابوو بۆ ئەوەی بە قاچاخ رەوانەی نێو خاکی عێراق بکرێت و لێرە بازرگانیی پێوە بکرێت.
ئەم ئۆپراسیۆنە دوای کۆکردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری و چاودێرییەکی مەیدانیی چڕ دێت. عەقید عەباس بەهادلی رایگەیاند، ئەم هەنگاوە نیشانەی ئاستی بەرزی هاوئاهەنگیی هەواڵگریی نێوان هەردوو وڵاتە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی قاچاخچێتی و لێدانی هێڵەکانی دابینکردنی مادە هۆشبەرەکان.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان دەڵێت، بەردەوام دەبن لە راوەدوونانی مەترسیدارترین سەرکردەکانی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، بە ئامانجی پاراستنی کۆمەڵگە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا چوار هەزار و 260 تۆمەتبار دەستگیرکراون و 193 تۆڕی بازرگانیکردن هەڵوەشێندراونەتەوە، کە 35یان تۆڕی نێودەوڵەتین.
سزای جیاواز بۆ دوو هەزار و 20 کەس دەرچووە؛ لەو ژمارەیەش 34 کەسیان سزای لەسێدارەدان و 137 کەسیش سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ دەرچووە.