رووداو دیجیتاڵ
ئارسڵان تاتار، پەرلەمانتاری شرنەخی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، داوای کرد ناوی گوندپارێز بگۆڕدرێت بۆ "پاسەوانی دەشت و دەر". هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) گوتبووی با ببنە "شوان".
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رۆژی پێنجشەممە 11ـی حوزەیرانی 2026، لەگەڵ پەرلەمانتارانی بەشێک لە پارێزگاکانی باکووری کوردستان لە ئەنقەرە کۆبووەوە. ئارسان تاتار، پەرلەمانتاری شرنەخی ئاکپارتی کە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کردبوو، پێشنیازی گۆڕینی ناوی گوندپارێزانی کرد.
تاتار: "با بکرێنە پاسەوانی دەشتودەر"
تاتار، کە داوای کرد ناوی گوندپارێزان بگۆڕدرێت بۆ "پاسەوانی دەشتودەر"، لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: "ئەوان (گوندپارێزان) لە چیاکاندا شەهید بوون. هەندێکیان قاچیان لەوێ بەجێما، هەندێکیان دەستیان. پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بەردەوامە. با ئارامی بێتە وڵاتەکەمان، با یەک بین، پێکەوە بین. بەڵام ئەوانیش لەو سنوورانەدا هەندێکیان بریندار بوون، منداڵەکانیان تاوەکو بەیانی گریاون، بەدیل گیراون. ئێمە هەستیاریی ئێوە دەزانین. با ئەم رۆژەڤی گوندپارێزییە دابخەین، با بیانکەینە پاسەوانی دەشت و دەر. با ناوەکەیان بگۆڕین".
دەم پارتی: با ببنە شوان
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە کاتی پرۆسەی چەکدانانی ئەندامانی پەکەکە لە گوتارێکدا گوتبووی: "چەکی دەستی گوندپارێزان وەربگرە، گۆپاڵیان بدەرێ با لە گوند ئاژەڵ بەخێو بکەن. ئەرکێکی شکۆمەندانەترە."
گوندپارێزی (پاسەوانی گوند)
سیستمی گوندپارێزی، لە ساڵی 1985 بە ناوی "گوندپارێزیی کاتی" لە ناوچە گوندنشینەکانی باکووری کوردستان دامەزرا. سیستمەکە لە 26ـی ئاداری 1985 بە گۆڕانکارییەک کە لە یاسای گوند ژمارە 442 ـدا کرا، بووە یاسایی.
ئامانجی ئەم پێکهاتەیە، پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بوو دژی رێکخراوە چەکدارییەکان و بە دیاریکراوی "پەکەکە" لە ناوچە گوندنشینەکانی باکووری کوردستان.
سیستمی گوندپارێزی، لە بنەڕەتدا بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەبن. "گوندپارێزیی کاتی" کە مانگانە مووچە لە دەوڵەت وەردەگرن و پڕچەک کراون، لەگەڵ "گوندپارێزی خۆبەخش" ئەو کەسانەن کە بە فەرمی تۆمارکراون، بەڵام مووچەی مانگانە وەرناگرن. سیستمەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی کۆماری تورکیا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزەرانی ئاسایشەوە بەڕێوەدەبرێت.
