رووداو دیجیتاڵ
مشتومڕی کۆنگرە لە نێو پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گەیشتە قۆناخێکی نوێ؛ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی پارتەکە واژۆی هەزار ئەندامی کۆنگرەی پارتەکەی کۆدەکاتەوە.
دوای بڕیاری (پووچەڵکردنەوەی رەها) لەلایەن دادگەی تورکیاوە، مشتومڕەکانی بەستنی کۆنگرە لەناو پارتی گەلی کۆماری(جەهەپە) پێی نایە قۆناخێکی نوێوە. ئۆزگور ئۆزەل و ئەو باڵەی نێو جەهەپە کە پشتیوانیی دەکات، رۆژی دووشەممە 15-6-2026، واژۆی نزیکەی هەزار ئەندامی کۆنگرەی پارتەکەیان رادەستی بارەگای گشتی دەکەن.
میدیای نزیک لە جەهەپە بڵاویکردووەتەوە، لایەنگرانی ئۆزەل ئامادەکاری بۆ ئەوە دەکەن کە سبەی (دووشەممە) واژۆی نزیکەی هەزار ئەندامی کۆنگرە پێشکێشی بارەگای گشتیی پارتەکەیان بکەن.
باڵی ئۆزگور ئۆزەل رایانگەیاندووە، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتەکەیان، دەکرێت بە واژۆی ئەندامانی کۆنگرە، کۆنگرەی نائاسایی ببەسترێت. هەروەها دەڵێن پرۆسەکە لەسەر بنەمایەکی یاسایی و رێکخراوەیی بەڕێوە دەچێت.
لە بەرامبەردا باڵی کەمال کڵچدارئۆغڵو دەڵێن، هەتا بڕیاری دادگە یەکلایی نەبێتەوە، ناکرێت بانگەواز بۆ بەستنی کۆنگرە بکرێت. پرسی قبووڵکردن یان نەکردنی واژۆکانیش لەناو پارتەکەدا بووەتە بابەتێکی نوێی مشتومڕ.
لە رۆژی یەکەمدا واژۆکان 700یان تێپەڕاند
بانگەوازی کۆکردنەوەی واژۆ، رۆژی یەکی حوزەیران لەلایەن ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپەوە راگەیێندرا.
تەنیا چەند کاژێرێک دوای بانگەوازەکە، ئەو ئەندامانەی لەگەڵ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی بوون، واژۆیان کرد. تەنیا لەو رۆژەدا ژمارەی واژۆکان 700ی تێپەڕاند.
ئۆزەل: ئەگەر کڵچدارئۆغڵو بەردەوام بێت، ناچارین پارتێکی نوێ دابمەزرێنین
لەکاتێکدا زۆر باسی ئەوە دەکرێ کە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی دوورخراوەی جەهەپە ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەکات، لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بەرپرسانی هەڵبژێردراوی جەهەپەین. لەم دۆخەدا جێهێشتنی پارتەکەمان و دامەزراندنی پارتێکی نوێ باشترین بژاردە نییە، بەڵام ئەگەر کەمال کڵچدارئۆغڵو لە بچووککردنەوە و کۆتاییهێنان بە جەهەپە بەردەوام بێت، بە ناچاری پەنا بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ دەبەین".
قەیرانی جەهەپە
رۆژی 21-5-2026 دادگەی ئەنقەرە لە بریارێکدا 38ـەمین کۆنگرەی ئاسایی جەهەپەی بە "پووچەڵ و ناکاریگەر" هەژمار کرد. بەمەش هەڵوەشاندنەوەی رەهای بۆ تەواوی کۆنگرەکە دەرکرد و ئۆزگور ئۆزەل لە سەرۆکایەتیی پارتەکەی کەوت. کەمال کڵچدارئۆغڵو کە سەرۆکی پێشووی پارتەکەیە و لە کۆنگرەکەدا شکستی هێنابوو، گەڕێندرایەوە سەر پۆستەکەی.
جەهەپە رۆژی 9-9-2026 لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە ساڵانی 1923-1950دا 17 جار لەسەر یەک بە تەنیا حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی 1961-1965 جەهەپە سێ جاری دیکە بە هاوپەیمانی چەند پارتێکی دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی 1981 بۆ چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی 1986 دووبارە کرایەوە. 38 کۆنگرەی ئاسایی و 22 کۆنگرەی نائاسایی کردووە.
.jpg&w=3840&q=75)