رووداو دیجیتاڵ سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی یەکێکە لە ئەندامە هەرە گرنگەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ و ئەرکەکانی بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە. راشیگەیاند، مانگی داهاتوو ئەنقەرە میوانداریی لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ دەکات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە ئەنقەرە کە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 15-06-2026 بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر رۆڵی وڵاتەکەی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا. ئەردۆغان رایگەیاند، رۆژانی 7 و 8ـی تەممووزی ئەمساڵ، سەرکردەکانی ناتۆ لە ئەنقەرە کۆدەبنەوە. سەبارەت بە مێژووی ئەندامێتی وڵاتەکەشی گوتی: "تورکیا کە لە ساڵی 1952ـەوە بووەتە ئەندام، یەکێکە لە گرنگترین ئەندامانی هاوپەیمانییەکە، هەرچەندە لە رابردوودا هەندێک ناکۆکیمان لە بۆچوونەکاندا هەبووە، بەڵام دەیان ساڵە ئاسایشی باشووری رۆژهەڵاتی ناتۆ سپاردەی وڵاتەکەمان کراوە." سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی "هاوپەیمانێکە کە ئەرکەکانی بە باشترین شێوە جێبەجێ دەکات" و ئاماژەی بەوەش کرد، پێشکەوتنی تورکیا لە پیشەسازیی بەرگریدا رۆڵێکی ئەرێنی لە بەهێزکردنی ناتۆدا دەگێڕێت. هاوپەیمانیی ناتۆ لە 32 وڵات پێکدێت، کۆی گشتیی سەربازەکانیان 5 ملیۆن و 817 هەزار کەسە، 3 ملیۆن و 500 هەزار لەو سەربازانە لە ئەرکی چالاکدان. خەرجیی ساڵانەی هاوپەیمانییەکە یەک تریلیۆن دۆلارە.