رووداو دیجیتاڵ
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، رایدەگەیێنێت کە لە ئیستەنبووڵەوە دەستیان بە ئامادەکاریی هەڵبژاردن کردووە؛ جەختیش دەکاتەوە کە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەربژێری خۆیانیان دەبێت و مەیلی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پارتی سەعادەت هەیە.
لە بەرنامەیەکی پارتەکەیدا بە ناوی (دیدارەکانی ئەنادۆڵ) کە رۆژی شەممە 20-06-2026 لە ئیستەنبووڵ بەرێوەچوو، فاتیح ئەربەکان لەگەڵ میدیاکاران کۆبووەوە و گوتی: "لە هەر 39 ناوچەکەی ئیستەنبووڵدا لەگەڵ جەماوەرەکەمان کۆدەبینەوە. ئێمە لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، یاریدەدەرانی سەرۆک و پەرلەمانتارانمانەوە لە گۆڕەپانین تاوەکو بیسەلمێنین کە نەک تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن، بەڵکو لە کاتی تەنگانە و بوونی کێشەی بژێویشدا لەگەڵ خەڵکین."
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، ئەربەکان بە راشکاوی رایگەیاند: "وەک سەرلەنوێ رەفاهـ، بەربژێری خۆمان دەبێت و وەک سەرۆکی پارتەکە، من دەبمە بەربژێر. ئێمە بە جۆرێک کار دەکەین وەک بڵێیت ئەم یەکشەممەیە هەڵبژاردنە." ئەو ئاماژەی بەوەش کرد کە چیدیکە چاوەڕێی بڕیاری لایەنەکانی دیکە نابن و پڕۆسەی ئامادەکاریی پارتەکەیان دەست پێ کردووە.
لەبارەی ئەگەری هاوپەیمانی، کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا چەند جارێک هەڵوێستی گۆڕی، ئەربەکان گوتی: "ئەگەری هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی سەعادەت لە ئارادایە. ئەو پارتانەی لەسەر رێبازی مامۆستا ئەربەکانن، ئەگەر بەیەکەوە بن، سوودی دەبێت و دانوستاندنــمان لەمبارەیەوە هەیە."
فاتیح ئەربەکان، کوڕی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیایە کە لە ساڵانی 1996-1997 بە کودەتایەکی سەربازی کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی هێنرا. پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ لە ساڵی 2018 دامەزراوە و لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی تورکیادا کە لە 14-05-2023 بەرێوەچوو، 5 کورسی لە کۆی 600 کورسییەکەی پەرلەمان بەدەستهێنا.
هەروەها لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 31-03-2024دا، 6.19%ی دەنگەکانی بردەوە و توانی گەورەشارەوانییەک، شارەوانیی پارێزگایەک و 39 شارەوانیی ناوچەکان بەدەستبهێنێت. بەپێی پێشبینیی پسپۆڕانی دەستوور، هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە 07-05-2028 بەرێوە دەچێت و ئەربەکان دەیەوێت لە ئێستاوە خۆی بۆ ئەو قۆناخــە ئامادە بکات.
