رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانیان کەشتییەکیان لە دەریای عومان پەکخستووە، کە نەوتی ئێرانی بار کردووە و هەوڵیداوە گەماڕۆی دەریایی ببەزێنێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سێنتکۆم، رۆژی سێشەممە 9ـی حوزەیرانی 2026، کاژێر 11:14ـی شەو بە کاتی ناوچەکە، هێزەکانی ئەمریکا کەشتیی "M/T سێتێبێلۆ" (M/T Settebello)ـیان پەکخست کە ئاڵای (پالاو)ی لەسەر بووە. بەگوێرەی بەیاننامەکەی سێنتکۆم، کەشتییەکە هەوڵیداوە نەوتی ئێران بگوازێتەوە و بەوەش ئابڵۆقە سەربازییەکەی ئەمریکای پێشێل کردووە.
سێنتکۆم رایگەیاندووە، دوای ئەوەی تیمی کەشتییەکە چەندین جار فەرمانی هێزەکانی ئەمریکایان پشتگوێ خستووە، فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکا بە مووشەک ژووری بزوێنەری کەشتییەکەی پێکاوە و لەکاری خستووە.
لەو کاتەوەی ئەمریکا لە 13ـی نیسانی ئەمساڵدا ئابڵۆقەی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندووە، هێزەکانی سێنتکۆم تاوەکو ئێستا 8 کەشتییان پەکخستووە کە پابەندی ئابڵۆقەکە نەبوون. هەروەها رێڕۆی 134 کەشتیی دیکەیان گۆڕیوە تاوەکو دڵنیابن لەوەی ناچنە نێو بەندەرەکانی ئێران، لە بەرانبەردا رێگەیان بە 42 کەشتیی هاوکارییە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان داوە بە سەلامەتیی تێپەڕ بن.