رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا هاوکاریی تێپەڕبوونی 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی کردووە لە تەنگەی هورمزدا.
رۆژی چوارشەممە، 10ـی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵ نووسی: "مانگی رابردوو فەرمانم بە سوپای ئەمریکا کرد، ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی بۆ پاراستنی کەشتییە نەوتەکان و کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزدا بکەن."
ترەمپ لە پۆستەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا واشنتن کۆنترۆڵی ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگەی جیهانی کردووە و گوتی، "خۆشحاڵم رایبگەیەنم کە بەهۆی ئەم هەوڵانەوە، زیاتر لە 100 ملیۆن بەرمیل نەوت لە تەنگەکەوە تێپەڕیوە و گەیشتووەتە بازاڕەکانی جیهان. زیاتر لە 200 کەشتیی بازرگانی بە سەلامەتی لەو رێڕەوەوە تێپەڕیون."
ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ئایاردا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بە ناوی (پڕۆژەی ئازادی) بۆ پاسەوانیکردنی کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز دەستپێکرد، بەڵام تەنیا دوای یەک رۆژ راگیرا. ترەمپ ئەو کات گوتی، ئامانج لە راگرتنی پڕۆژەکە رەخساندنی دەرفەتە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوبات دەستیپێکردووە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئایاریشدا، چەند میدیایەکی ئەمریکی بڵاویانکردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو کات هەواڵەکانی رەتکردەوە و رایگەیاند، هێزی دەریایی ئەمریکا هیچ هاوکاری یان پاسەوانییەکی کەشتییە بازرگانییەکان ناکات.
