رووداو دیجیتاڵ
کەناڵی CNN لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەو رووداوەی رۆژی پێنجشەممە بووە هۆی داخستن و چۆڵکردنی بەشێکی باڵەخانەی پێنتاگۆن، تەنیا بەهۆی "زەنگێکی هەڵە"ەوە بووە و هیچ ماددەیەکی مەترسیدار دزەی نەکردووە.
پێشتر هەر لە رۆژی پێنجشەممە، بەرپرسان و تیمی ئاگرکوژێنەوە رایانگەیاندبوو کە بەهۆی رووداوی "دزەکردنی ماددەیەکی مەترسیدار"، چەندین نهۆم و رێڕەوی نێو باڵەخانە زەبەلاحەکەی پێنتاگۆن داخراون و بەشێکی دیکەش بەپەلە چۆڵکراون.
سەرچاوەکان بە CNNیان گوتووە، نهۆمەکانی دووەم تاوەکو پێنجەم بەتەواوی داخرابوون. تەنانەت دۆخەکە هێندە هەستیار بووە، پۆلیسەکانی نێو باڵەخانەکە ماسکی دژەگاز و جلوبەرگی تەواوی پاراستن لە ماددە کیمیاییەکانیان پۆشیبوو.
پێشتر شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاندبوو کە سیستمەکانی نێو باڵەخانەکە کێشەیەکیان لە کوالێتیی هەوادا دۆزیوەتەوە، بۆیە رێکاری خۆپارێزی و ستانداردیان گرتووەتەبەر. پارنێل جەختی کردبووەوە کە تیمەکانی فریاگوزاری لە باری ئامادەییدان بۆ یارمەتیدانی کارمەندان.
لەو کاتەدا، تیمی رووبەڕووبوونەوەی ماددە مەترسیدارەکانی پێنتاگۆن بە هاوکاریی فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی ناوچەی ئارلینگتن گەیشتبوونە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.
لە نامەیەکیشدا کە لەلایەن تیمی ئەمنیی پێنتاگۆنەوە نێردرابوو، داوا لە کارمەندان کرابوو کە بۆ ماوەی یەک بۆ دوو کاژێر چاوەڕێ بکەن تاوەکو پشکنینی زیاتر بۆ هەواکە دەکرێت، هەروەها ئاگاداریان کردبوونەوە کە ئەگەر تیمەکانی فریاگوزارییان لە گۆڕەپانی نێوەڕاستی باڵەخانەکە بینی، نەترسن و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ نەکەن، تاوەکو لە کۆتاییدا دەرکەوت کە دۆخەکە تەنیا زەنگێکی هەڵە بووە و هیچ مەترسییەک لە ئارادا نییە.
باڵەخانەی پێنتاگۆن رووبەرەکەی 600 هەزار مەتر دووجایە و بە گەورەترین باڵەخانەی حکومی لە جیهاندا دادەنرێت، کە رۆژانە نزیکەی 30 هەزار کارمەندی سەربازی و سڤیل کاری تێدا دەکەن.
