رووداو دیجیتاڵ
گرووپێک لە پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هەڵمەتێکی "تووند"ی پۆلیسی رەوشتی تاڵیبان دژی ژنانی شاری هیرات دەکەن؛ رایدەگەیێنن، لە کاتی بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندانەکان دژی رێسا نوێیەکانی پۆشاک، لانیکەم دوو کەس کوژراون.
10 پسپۆڕی سەربەخۆ کە لەلایەن ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە راسپێردراون، لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، لە شاری هیراتی رۆژئاوای ئەفغانستان دوو کەس کوژراون و زیاتر لە 20 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پسپۆڕەکان دەڵێن: "دەستگیرکردنی ژنان بەهۆی جۆری پۆشاکەکەیانەوە جێگەی نیگەرانییەکی قووڵە و دەکرێت وەک دەستگیرکردنی نایاسایی و هەڕەمەکی هەژمار بکرێت."
پۆلیسی رەوشتی هیرات، کە سەر بە وەزارەتی "فەرمان بە چاکە و رێگری لە خراپە"یە، لە شەممەی رابردووەوە دەستیکردووە بە دەستگیرکردنی دەیان ژن بە تۆمەتی "نەپۆشینی پەچە یان جلی شەرعی".
رۆژی سێشەممە کاتێک ژنان دژی ئەو بڕیارە رژانە سەر شەقامەکان، خۆپێشاندانەکە بە زەبری هێز بڵاوەی پێکرا. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، کوڕێکی گەنج بە گوللە کوژراوە، هەرچەندە پۆلیسی تاڵیبان نەک هەر کوژرانی ئەو کوڕە، بەڵکو بەکارهێنانی هەر جۆرە چەکێکیش رەت دەکاتەوە.
رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور (MSF) ئاشکرای کرد، یەکێک لە ژنە پزیشکەکانیان لە هیرات لە کاتی چوونی بۆ سەر کارەکەی لەلایەن پۆلیسی رەوشتەوە بە تۆمەتی "سەرپێچی لە رێساکانی پۆشاک" دەستبەسەر کراوە.
ئەو پزیشکە دوای دوو رۆژ لە زیندان ئازاد کرا، ئەویش دوای ئەوەی خۆی و کەسوکاری ناچار کران واژۆ لەسەر پابەندبوون بە رێسا تووندەکان بکەن. رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور ئەم رەفتارەی تاڵیبانی بە "قێزەون" ناوبرد.
وەزارەتی رەوشتی تاڵیبان لە هیرات، لیستێکی نوێی رێساکانی بۆ ژنان بڵاوکردووەتەوە، کە دەبێت لە کاتی چوونە دەرەوە پابەندی بن، لەوانە: قەدەخەکردنی تەواوەتیی ماکیاژ، داپۆشینی قژ بە تەواوەتی و لەپێکردنی گۆرەوی بۆ هەموو ژنان.
ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی تووندبوونەوەی زیاتری گوشارەکانی تاڵیبانن بۆ سەر ئازادییەکانی ژنان. لە کاتێکدا ئەفغانستان لە پلەی 175ـەمینی پێوەری جیهانیی ئازادییەکاندایە، پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەنەوە کە "یەکسانی، کۆبوونەوەی ئاشتییانە و ئازادیی هاتووچۆ مافی سەرەکین" و نابێت بەم شێوەیە پێشێل بکرێن.
