رووداو دیجیتاڵ دوو پارێزەر و بەرپرسێکی ئاگاداری ئەمریکی رایانگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەنیازی دیپۆرتکردنی ژمارەیەک پەناخوازی ئێرانی و چەند نەتەوەیەکی دیکەیە بۆ کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست؛ وڵاتێک کە بەهۆی تووندوتیژی و هەژارییەوە بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت. رۆژی هەینی، 12ی حوزەیرانی 2026، دوو پارێزەر و بەرپرسێکی ئاگادار بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاند، واشنتن رێککەوتنێکی لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست کردووە بۆ وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانەی کە ئەمریکا ناتوانێت بە شێوەیەکی یاسایی بییانگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان. چاوەڕوان دەکرێت یەکەم گەشتی ئاسمانی کە نزیکەی 20 کەس لەخۆدەگرێت، رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەرەو "بانگی"ی پایتەخت بەڕێبکەوێت. ئیمێڵی ترۆستڵ، پارێزەری دوو ژنی ئێرانی کە لە ناو لیستەکەدان رایگەیاند، یەکێکیان کریستیانە و ئەوی دیکەشیان چالاکڤانە. ئەم دوو ژنە لە لایەن دادوەری کۆچەوە پارێزبەندیی ناسراو بە "Withholding of Removal"یان بۆ دەرچوە، کە واتای ئەوەیە ئەگەر بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران، ئەگەری زیاتر لە 50% هەیە رووبەڕووی ئەشکەنجە و چەوساندنەوە ببنەوە. عەلی رەهنەما، بەڕێوەبەری یاسایی لە سندوقی بەرگریی ئێرانی-ئەمریکی رەخنەی تووندی لەم بڕیارە گرت و گوتی: "لە کاتێکدا ئەمریکا بەڵێنی ئازادی و پشتیوانی بە گەلی ئێران دەدات، کەچی ئەو کۆچبەرە ئێرانییانەی لە دەست رژێم هەڵاتوون، بەرەو چارەنوسێکی نادیار رەوانە دەکات." ئیدارەی ترهمپ پێشتریش رێککەوتنی هاوشێوەی لەگەڵ وڵاتانی وەک کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ واژۆ کردوە. واشنتن بەرگری لەم هەنگاوە دەکات و بە یاسایی ناوی دەبات، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، وردەکاریی ئەم رێککەوتنانە نادیارن. بەپێی زانیارییەکان، دیپۆرتکراوەکان لە شوقەدا لە بانگی نیشتەجێ دەکرێن و رەنگە ژمارەیان بگاتە سەدان کەس. رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ رایگەیاند، لەسەر داوای حکومەتی ئەفریقای ناوەڕاست، هاوکاریی مرۆیی پێشکەشی کۆچبەرەکان دەکات، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، دەستی لە پرۆسەی گواستنەوەی زۆرەملێدا نییە. ئەمریکا لەمساڵدا 85 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو رێکخراوە لە ناو کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست تەرخان کردوە. ئەم بڕیارەی ترهمپ لە کاتێکدایە کە سێ مانگە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە. کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست لەوەتەی ساڵی 1960ەوە رووبەڕووی ئاڵۆزیی ناوخۆیی بوەتەوە و ئێستا حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی، پشت بە هێزەکانی رووسیا و رواندا دەبەستێت، ئەمەش وایکردوە ببێتە شوێنێکی مەترسیدار بۆ پەنابەران.