رووداو دیجیتاڵ
لە شاری لەندەنی بەریتانیاش دۆسێیەکی دیکەی تاوانکاری لە دادگادا یەکلایی کرایەوە، کە لەوێش ناوی تورک و کورد دێت.
بەیتوڵڵا گ. تەمەنی 39 ساڵە، دادگا وەک تاوانبار لە هەوڵدان بۆ کوشتنی کەسێکی دیکە بەناوی ئونوور گ. تۆمەتبارە. ماوەیەکی زۆرە شەڕ و تووندوتیژی لەنێوان دوو گرووپی تاوانکاری لە گەڕەکەکانی هاکنی و تۆتنهەمی لەندەن هەیە. هەرچەندە گرووپە تاوانکارییەکان وەکو گرووپی تورکیایی دەناسرێن، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانی ئەم بەرنامەیە، کوردیش لەو گرووپانەدا هەن.
بەیتوڵڵا لە گەڕەکی هاکنی بووە و لەوێ ساڵی 2024، کاتێک لە چێشتخانەیەکی کوردی دانیشتووە، لەپڕ کەسێک بە ماتۆڕ هاتووە و تەقەی لە خۆی و هاوڕێکانی کراوە. لە رووداوەکەدا بەیتوڵڵا و هاوڕێکانی هیچیان لێنەهاتووە، بەڵام کچێکی تەمەن 9 ساڵان بەرکەوتووە. دواتریش منداڵەکە گیانی لەدەستداوە.
بەیتوڵڵا لای کەسە نزیکەکانی گوتوویەتی لەدوای ئەو رووداوەوە خەو نەچووەتە چاوی و زۆر جار خۆزگەی خواستووە گوللەکە لەجیاتی کچەکە بەر سەری ئەو کەوتبایە. بەڵام ماوەیەک دواتر، ئۆنوور گ. لەبەردەم چێشتخانەکەی، کاتێک بۆ پشوودان هاتووەتە دەرەوە، لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیاوە یەکێک رووی دەمانچەکەی لەو دەکات و بەر گوللەی دەدات.
دواتر کەسی تەقەکەر هەڵدێ بۆ ئیستەنبوڵ، بەڵام دادگا رۆژانی رابردوو بۆی دەرکەوتووە تەقەکردنەکە بە قسەی بەیتوڵڵا بووە و درێژکراوەی رووداوە تووندوتیژییەکانی پێشتر بووە. پۆلیسی بەریتانیا دەڵێ لەئەنجامی ئەو تووندوتیژییانەدا لەو دوو گەڕەکەی لەندەن، تاوەکو ئێستا 20 کەس کوژراون.