رووداو دیجیتاڵ
بەپێی پێشبینی و ئەنجامە سەرەتاییەکان، دەنگدەرانی سویسرا پێشنیازێکیان بۆ سنووردارکردنی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەیان بۆ 10 ملیۆن کەس رەت کردەوە؛ ئەمەش وەک شکستی هەوڵێکی پارتی گەلی سویسرا (SVP) دەبینرێت کە پارتێکی راستڕۆیە و بۆ ماوەیەکی درێژ کەمپەینی دژی کۆچبەری دەکرد.
هەرچەندە هێشتا هەموو دەنگەکان جیانەکراونەتەوە، بەڵام ئاراستەی ئەنجامەکان دەریدەخەن کە 55%ی بەشداربووان بە "نەخێر" دەنگیان داوە، لە بەرامبەردا 45%ی دەنگدەران پاڵپشتییان لە پێشنیازەکە کردووە. ئەم دەنگدانە بووە هۆی دروستکردنی دووبەرەکییەکی گەورە لە وڵاتەکەدا، چونکە مەترسیی ئەوەی لێ دەکرا رێککەوتنی "جووڵەی ئازاد" لە نێوان سویسرا و یەکێتیی ئەورووپا بخاتە مەترسییەوە.
هۆکارەکانی پێشکەشکردنی پڕۆژەکە
ژمارەی دانیشتووانی سویسرا لە ساڵی 2002وە بە خێرایی گەشەی کردووە؛ ئەو کات 7.3 ملیۆن کەس بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 9.1 ملیۆن کەس، کە 27%ی ئەو ژمارەیەش هاووڵاتیی سویسری نین. پارتی گەلی سویسرا جەختی لەوە دەکردەوە کە دیاریکردنی سنوورێک بۆ ژمارەی دانیشتووان، گوشارەکان لەسەر کەرتی گواستنەوە، نیشتەجێبوون و ژینگە کەم دەکاتەوە.
مەترسییە ئابوورییەکان و دەستی کار
بەشێک لە دەنگدەران نیگەران بوون لەوەی بەهۆی ئەم بڕیارەوە وڵاتەکە ئەو هێزی کارە لەدەست بدات کە لە کەرتەکانی گەشتیاری، نەخۆشخانە و خانەی بەساڵاچوواندا پێویستیی پێیەتی. لە لایەنی ئابوورییەوە، خاوەنکارانی سویسرا ترسیان هەبوو وڵاتەکەیان دەستڕاگەیشتنی بە بازاڕی یەکگرتووی ئەورووپا لەدەست بدات. ئەگەر پڕۆژەکە پەسند بکرایە، سویسرا ناچار دەبوو ئەو رێککەوتنە لەگەڵ ئەورووپا هەڵبوەشێنێتەوە.
ململانێی بیروڕاکان؛ نەوەی نوێ لە بەرامبەر یەکدی
نیڵس فیختەر، تەمەن 29 ساڵ، کە نوێنەری پارتی گەلی سویسرا مە لە پەرلەمانی کانتۆنی بێرن، بەرگریی لە پڕۆژەکە دەکرد و دەیگوت: "کۆنتڕۆڵمان لەدەست داوە، کۆچبەریی بێسەروبەر وای کردووە سویسرا چیدیکە سویسراکەی پێشوو نەبێت." لە بەرامبەردا، هێلین گینیس، تەمەن 31 ساڵ، کە ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکراتە، ئەم قسانەی رەت کردەوە و گوتی: "کۆچبەران نین کە نرخی کرێی خانوو دیاری دەکەن، یان بیمەی تەندروستی بەرز دەکەنەوە." ئەو جەختی کردەوە کە سەیرکردنی کێشەکان لە گۆشەنیگای کۆچبەرییەوە، تەنیا دەبێتە هۆی دووبەرەکی نەک چارەسەر.
کێشەی پیربوونی دانیشتووان و ئاسایش
بەشێکی دیکە لە رەخنەگرانی پڕۆژەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئێستا 20%ی دانیشتووانی سویسرا تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵە و وڵاتەکە پێویستی بە کرێکاری گەنج و باجدەری نوێ هەیە. رۆدۆڵف مینش، گەورە ئابووریناس، رایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا گرنگترین هاوبەشی بازرگانیی سویسراوە و بەرژەوەندیی ئەوان لەوەدایە پەیوەندییەکی جێگیر و روونیان لەگەڵ یەکێتییەکەدا هەبێت.
جۆن پووڵت، ئەندامی پەرلەمان، بە بی بی سی رایگەیاند، گەورەترین ترسی ئەو ئەوە بووە کە سویسرا لە "جیهانێکی ناجێگیردا" بە تەنیا و بە گۆشەگیری بمێنێتەوە. سیستەمی "دیموکراتیی راستەوخۆ" لە سویسرا رێگە دەدات هەموو بڕیارە گرنگەکان لە رێگەی دەنگدانەوە بن؛ بۆ ئەوەش تەنیا کۆکردنەوەی 100,000 واژۆ بەسە بۆ ئەوەی هەر پرسێک بخرێتە دەنگدانی سەرتاسەرییەوە.
