رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە هاوکارییە داراییە مانگانەکانی پەناخوازان چیدیکە بە تەواوی وەک پارەی نەختینە (کاش) نادرێت. بەپێی وەزارەتەکە، هەر پەناخوازێک تەنیا دەتوانێت بەشێکی سنووردار لە پارەکانی بە نەختینە وەربگرێت و بەشەکەی دیکەی هاوکارییەکە لە رێگەی کارتەوە خەرج دەکرێت. هەروەها ئاشکرا کرا کە پەناخوازان ناتوانن ئەو پارانە بۆ دەرەوەی ئەڵمانیا بنێرن یان کڕینی ئۆنلاینی پێ بکەن.
گوتەبێژێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیا، رۆژی 18ی حوزەیرانی 2026، وەڵامی پرسیارەکانی کەهی مەحموود، ئیدیتۆر لە تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە سەبارەت بە هاوکارییە دارایی و تەندروستییەکان بۆ پەناخوازان.
هەر پەناخوازێک چەند پارە وەردەگرێت؟
بە گوتەی گوتەبێژەکە، هەر بیانییەک کە داوای پەنا لە ئەڵمانیا دەکات، لە رۆژی یەکەمی گەیشتنی بەو وڵاتە و لە 36 مانگی یەکەمدا، مافی وەرگرتنی هاوکاریی دارایی هەیە بەپێی (یاسای هاوکارییە داراییەکان بۆ پەناخوازان). سەبارەت بە مەرجەکانی دیکە، گوتەبێژەکە جەختی کردەوە کە دەبێت ئەو پەناخوازە بێ داهات بێت و مافی مانەوەی هەبێت.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بە خشتەی هاوکارییە داراییەکان کرد و گوتی، "هاوکاریی مانگانە بۆ هەر پەناخوازێک کە بە تەنیا دەژی 455 یۆرۆیە. هەروەها بۆ گەنجانی تەمەن 14 بۆ 17 ساڵ بڕی 405 یۆرۆ و، بۆ منداڵانی تەمەن 0 تاوەکو 13 ساڵیش مانگانە لە نێوان 309 بۆ 337 یۆرۆ دابین دەکرێت."
سنووردارکردنی پارەی کاش
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی ئەڵمانیای فیدراڵ هەروەها رایگەیاند، هەر هەرێمێک دەتوانێت بە تەنیا بڕیار لەسەر ئاستی سنووردارکردنی خەرجکردنی پارەی نەختینە بۆ پەناخوازان بدات.
گوتیشی: "ئامانجی سنووردارکردنی پارەی نەختینە ئەوەیە کە کەمترین پارەی کاش لە دەستی پەناخوازاندا هەبێت، چونکە هەندێک پێداویستی هەن کە تەنیا بە نەختینە دەکڕدرێن."
هاوکارییەکان تەنیا بۆ دابینکردنی بژێوییە
حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت پارەی کەمتر بداتە دەست پەناخوازان، بۆیە بڕیاری داوە بەشێک لە هاوکارییەکان لە رێگەی "کارتی پارەدان" (Bezahlkarte) بدات کە مانگانە لە نێوان 50 بۆ 150 یۆرۆی تێدەکرێت.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، پەناخوازان ئەو کارتە بۆ بازاڕکردنی ئۆنلاین بەکار ناهێنن و گوتی: "ئەم کارتە مسۆگەری دەکات کە هاوکارییەکە بۆ ئامانجی دیاریکراو بەکار بێت؛ واتە دابینکردنی بژێویی ژیان بۆ کەمترین ئاست. هاوکات، ئەم کارتە باری رۆتین کەم دەکاتەوە، چونکە چیدیکە دامەزراوەکانی دەوڵەت ناچار نین پارەی نەختینە بەسەر پەناخوازاندا دابەش بکەن."
خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە، چارەسەری تەندروستی "بە تەواوی" تەنیا لە بارودۆخە "کتوپڕەکاندا" بۆ پەناخوازان دابین دەکرێت. ئەو ئاماژەی بەوە کرد، ئەڵمانیا بە گشتی خزمەتگوزاریی تەندروستیی سنووردارتر بۆ پەناخوازان دابین دەکات، بەتایبەتی بۆ نەخۆشییە تووندەکان، حاڵەتەکانی ئازار، دووگیانی و هەندێک ڤاکسین.
بەڵام ئاماژەی بە یاسایەکی نوێ دا کە لە 12ی حوزەیرانی ئەم ساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەپێی یاساکە، ئەو پەناخوازانەی تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵە، بەپێی ئاستی بیمەی تەندروستیی گشتی (GKV) خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەردەگرن تاوەکو چیدیکە تەندروستیی منداڵانی پەناخواز نەکەوێتە مەترسییەوە.
