رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، لە ساڵی 2025دا 205 هەزار کارمەند و کرێکاری لێهاتووی بیانی بە مەبەستی کارکردن مافی مانەوەیان لەو وڵاتە وەرگرتووە. ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2024، زیادبوونێکی 30% نیشان دەدات.
بەپێی وەزارەتەکە، لە پلەی یەکەمدا هیندستان بە 91 هەزار کارمەند و کرێکاری لێهاتوو دێت. دوای ئەویش ڤێتنام (35 هەزار)، تورکیا (35 هەزار)، چین (31 هەزار و 400)، هەریەکە لە رووسیا، مەغریب و ئێران بە 23 هەزار کارمەند و کرێکاری لێهاتوو دێن.
ئامارەکانی وەزارەتەکە ئاشکرای دەکەن کە لە پێنج ساڵی رابردوودا 765 هەزار کارمەند و کرێکاری دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا مافی مانەوە و کارکردنیان بەدەستهێناوە. ئاماری ئەو ساڵانەش بەم جۆرەیە: لە ساڵی 2023دا 133 هەزار کەس، لە 2024دا 157 هەزار کەس و لە ساڵی 2025یشدا 205 هەزار کەس.
رێنێ سپرینگەر، سیاسەتمەداری پارتی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) رەخنە لە سیاسەتی حکومەت لەبارەی هێزی کارەوە دەگرێ و دەڵێ، دەبێت کێشەی کەمیی کارمەند و کرێکاری لێهاتوو لە نێوخۆدا چارەسەر بکرێ، نەک لە رێگەی کۆچبەرییەوە.
سپرینگەر گوتی، "ژیرانە نییە" سەتان هەزار کارمەند و کرێکار لە وڵاتانی دیکەوە بهێنرێن، لە کاتێکدا ملیۆنان کەس لە ئەڵمانیا توانای کارکردنیان هەیە، بەڵام "بێکارن و هاوکاریی دەوڵەت وەردەگرن."
سڤێن شۆڵتزە، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی ساکسن ئەنهاڵت لە پارتی کریستیان دیموکرات بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بۆچوونی جیاوازە لە بۆچوونی سیاسەتمەدارەکەی پارتی (جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا) و گوتی، پێی باشە هاووڵاتییانی ئەڵمانی زیاتر بچنە نێو بازاڕی کارەوە، بەڵام دەبێ دۆخی کۆمەڵگەش بزانرێ.
شۆڵتزە ئاماژەی بە بەساڵاچوونی کۆمەڵگەی ئەڵمانی و کەمیی کارمەند لە کەرتی تەندروستیدا کرد و رایگەیاند: "بێگومان، بۆ بازاڕی کار پێویستمان بە کۆچبەریی دەرەوەیە".
