رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی یەکشەممە گەڕێکی نوێی دانوستاندنە هەستیارەکانی نێوان واشنتن و تاران لە سویسرا دەستپێبکات. دانوستاندنەکان لە کاتێکدایە کە تاران هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمز دەکات و ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵاش لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشاندنەوەدایە.
بابەتە سەرەکییەکانی دانوستاندنەکە (دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران. چەسپاندنی ئاگربەست لە لوبنان. پرسی تەنگەی هورمز و گەمارۆ ئابوورییەکان)ن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێش بەڕێکەوتنی بۆ سویسرا رایگەیاند: "پێموایە لە هەردوو دۆسیەی ئەتۆمی و ئاگربەستی لوبناندا پێشکەوتن بەدەست دەهێنین، ئەمانە دوو پرسی بنەڕەتین کە سەرنجیان دەخەینە سەر." هاوکات جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف وەک تیمی تەکنیکیی ئەمریکا لەوێ ئامادەن.
شاندێکی باڵای ئێران لە سویسران
شاندە ئێرانییەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و بە بەشداریی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە و عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندی گەیشتوونەتە سویسرا. ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت: "شاندەکەمان داوای جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لایەنی بەرامبەر دەکات."
گرژییەکانی تەنگەی هورمز و هەڕەشەکەی ترەمپ
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان پێشتر لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کردبوو، بەڵام ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران (خاتەمولئەنبیا) رایگەیاند، بەهۆی "پەیمانشکێنیی ئەمریکا" و "بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل"، تەنگەی هورمز بەڕووی هاتووچۆی کەشتیوانیدا دادەخەن.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە ترووس شۆشیەڵ هۆشداری دا و رایگەیاند، ئەگەر دانوستاندنەکان سەرکەوتوو نەبن، واشنتن باجی تایبەت بەسەر هاتووچۆی دەریایی لەو تەنگەیەدا دەسەپێنێت.
ئاگربەستێکی لەرزۆک لە لوبنان
دانوستاندنەکان کە بڕیار بوو هەینی دەستپێبکەن، بەهۆی پێکدادانەکانی باشووری لوبنان دواخران. ئیسرائیل کوژرانی پێنج سەربازی خۆی راگەیاندووە و حیزبوڵڵاش دەڵێت: "بۆسەمان بۆ هێزەکانی ئیسرائیل ناوەتەوە کە ویستوویانە دزە بکەن."
سەرچاوە تەندروستییەکانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی کوژراوان لەو وڵاتە چوار هەزار کەسی تێپەڕاندووە. ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە حیزبوڵڵا دەڵێت، هێرشەکانی وەک وەڵامێک بووە بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دا لە مانگی ئازاری رابردوو.
نێوەندگیریی قەتەر و پاکستان
بڕیارە دانوستاندنەکان بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بن. پاکستان و قەتەر وەک نێوەندگیر لە کۆبوونەوەکانی سویسرا بەشدارن، بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی لە رێککەوتنی سەرەتاییدا بە هەڵپەسێردراوی مابوونەوە.
.jpg&w=3840&q=75)