رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشێکی تووندی کردە سەر میدیای وڵاتەکەی و رکابەرە دیموکراتەکانی و رایگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش بە تەواوی خۆی رادەست بکات و دان بە شکستەکەیدا بنێت، میدیا وەک "سەرکەوتنێکی وەستایانە و بلیمەتانە" بۆ تاران وێنای دەکات.
رۆژی سێشەممە 26-05-2026، ترەمپ لە پۆستێکدا وێنای دۆخێکی گریمانەیی کرد کە تێیدا ئێران بە تەواوی تەسلیم دەبێت، بەڵام میدیاکانی وەک نیویۆرک تایمز، وۆڵ ستریت جۆرناڵ و سی ئێن ئێن، دۆخەکە بە پێچەوانەوە دەگێڕنەوە.
ترەمپ نووسیویەتی: "ئەگەر ئێران خۆی رادەست بکات، دان بەوەدا بنێت کە هێزی دەریاییان نەماوە و لە بنی دەریادایە و هێزی ئاسمانییان نەماوە، ئەگەر تەواوی سوپاکەیان لە تاران بێتە دەرەوە، چەکەکانیان فڕێ بدەن و دەستەکانیان بەرز بکەنەوە و هەموو 'بەڵگەنامەکانی خۆبەدەستەوەدان' واژۆ بکەن ئەوا نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو، چاینا ستریت جۆرناڵ [مەبەستی وۆرڵد ستریت جۆرناڵە]، سی ئێن ئێنی گەندەڵ و هەموو ئەندامانی دیکەی میدیای هەواڵی ساختە، مانشێتی ئەوە دادەنێن کە ئێران سەرکەوتنێکی وەستایانەی بەسەر ئەمریکادا بەدەستهێناوە."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا، ترەمپ بە تووندی نووسیویەتی، "گەمژەکراتەکان [مەبەستی دیموکراتەکانە] و میدیا بە تەواوی رێگەی خۆیان ونکردووە. ئەوان بە تەواوی شێت بوون."
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
"ئەگەر ئێران خۆی رادەست بکات، دان بەوەدا بنێت کە هێزی دەریاییان نەماوە و لە بنی دەریادایە و هێزی ئاسمانییان نەماوە، ئەگەر تەواوی سوپاکەیان لە تاران بێتە دەرەوە، چەکەکانیان فڕێ بدەن و دەستەکانیان بەرز بکەنەوە، هەریەکەیان هاوار بکات 'من خۆم رادەست دەکەم، من خۆم رادەست دەکەم' لە کاتێکدا شێتانە ئاڵای سپی بشەکێننەوە، هەروەها ئەگەر تەواوی ئەوەی لە سەرکردایەتییان ماوە هەموو 'بەڵگەنامەکانی خۆبەدەستەوەدان' واژۆ بکەن و دان بە شکستەکەیاندا بنێن لە بەرامبەر هێز و توانای گەورەی ئەمریکای مەزندا، ئەوا نیویۆرک تایمزی شکستخواردوو، چاینا ستریت جۆرناڵ، سی ئێن ئێنی گەندەڵ و هەموو ئەندامانی دیکەی میدیای هەواڵی ساختە، مانشێتی ئەوە دادەنێن کە ئێران سەرکەوتنێکی وەستایانە و بلیمەتانەی بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەدەستهێناوە. گەمژەکراتەکان و میدیا بە تەواوی رێگەی خۆیان ونکردووە. ئەوان بە تەواوی شێت بوون."
.jpg&w=3840&q=75)