رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر ئەدهەم رەشاد، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO لە عێراق لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو، باسی هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، جەختدەکاتەوە کە شەپۆلێکی سەختی ڤایرۆسەکە لە زستانی ئەمساڵدا بەڕێوەیە و داوادەکات پابەندبوونەکان شل نەکرێنەوە، چونکە وەک خۆی دەڵێت، ڤاکسینی کۆرۆنا ئەمساڵ بەردەست نابێت و تەنیا دەمامک و پابەندبوون بە رێنماییەکانی دیکە دەتوانێت رێگریی لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە بکات. هەر لەبارەی ڤاکسین دەڵێت، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتگیریی ڤاکسینە رووسییەکە ناکات، ئەوەی ئێستا ئەوان چاویان لەسەریەتی و پەرەی پێدەدەن ڤاکسینی زانکۆی ئۆکسفۆردە، کە گەیشتووەتە قۆناخی سێیەم و کۆتایی و ئەنجامی زۆر باشی هەبووە.
رووداو: لەسەرەتادا لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا سنووردارکرابوو، چی روویدا کە ئێستا بەو شێوەیەی لێهاتووە؟ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی فراوان تەشەنەی کردووە؟
ئەدهەم رەشاد: بەناوی خوا، سەرەتا سوپاست دەکەم بۆ ئەم میواندارییە، وەک خۆت گوتت ئەمە دووەمین دیدارمانە. لەڕاستیدا کە جاری رابردوو چاومان بەیەک کەوت، کوردستان لە پێگەیەکی زۆر باشدا بوو و باسی ئەوەمان دەکرد چەند بەدەنگەوەهاتن و مامەڵەکردن لەگەڵ ڤایرۆسەکە بەشێوازێکی زۆر سەرکەوتوو بوو. بەداخەوە وەک خۆت باست کرد، ئاماژەکان لە هەرێمی کوردستان باش نین، ئەمەیش هۆکاری زۆری هەیە، ئێمە بۆ نموونە باس لەوە دەکەین سلێمانی بەرزترین رێژەی مردنی تێدایە، کە بریتییە لە 4.8% ، ئەمە تەنانەت لە رێژەکەی عێراق بەرزترە کە نزیکەی لە 3% کەمترە. لە دهۆک تووشبوون زۆر بەخێرایی لە هەڵکشاندایە کاتێک رێژەکەی پێشوو لە 1% کەمتر بوو و ئێستا بووەتە 1.3% ، هێشتا ژمارەی ئەو کەسانەی لە دهۆک دۆخیان خراپە و لە نەخۆشخانەدان رووی لە بەرزبوونەوەی بەردەوامە. هەروەها هەولێریش ئەو ژمارانەی تێدا بەرز دەبنەوە پاش ئەوەی لەو ماوەیەی دواییدا رووی لە کەمبوونەوە کردبوو.
من دەڵێم هەرێم لەژێر کاریگەریی ئابووریدا دەستی دایە کرانەوە، دەرگەی گەشتیاریی نێوخۆیی لەگەڵ پارێزگاکانی دیکە کردەوە و دەرگای بازرگانیی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە، چ لەگەڵ تورکیا بێت یان ئێران یان وڵاتانی دیکە، ئەم کرانەوەیە رێکخراو نەبوو و بەشێوازێکی چاودێریکراو نەبوو، لەلایەن هاووڵاتییانیشەوە پابەندی نەبوو. بۆ نموونە من کە لەم رۆژانەدا لە سلێمانی و لە دهۆک بووم. لەڕاستیدا ئاستی پابەندبوون بە بەکارهێنانی دەمامک لە 30% کەمتر بوو بە خەمڵاندنی من، کە هەڵمەتێکی گەورەی هۆشیارکردنەوەمان لە سلێمانی هەبوو. کاتێکیش چوومە دهۆک بۆ کردنەوەی هەندێ پرۆژەی تەندروستیی جیهانی، کە نەخۆشخانەیەکی نوێ و هەندێ شتی دیکە بوون تێبینیی هەمان شتم کرد.
ئاماژەکان لە هەرێمی کوردستان باش نین. سلێمانی بەرزترین رێژەی مردنی تێدایە، لە دهۆک و هەولێریش تووشبوون زۆر بەخێرایی لە هەڵکشاندایە
لەڕاستیدا هۆشیاریی هاووڵاتییان چ ئەوانەی لە دەرەوە هاتبوون یان ئەوانەی لە پارێزگاکانی هەرێمدا بوون وەک پێویست نەبوو. با ئەوەش بڵێم جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە واقیعدا باش نین، بەتایبەتی لەڕووی پێویستیی هەبوونی هەندێ سزا بۆ ئەوانەی دەمامک نابەستن، چونکە ئەو کەسە زیان بەخۆی ناگەیێنێت، بەڵکو زیان بە گشت کۆمەڵگە دەگەیێنێت، هەروەها سزا بۆ ئەوەی خەڵک بۆ هەندێ کۆبوونەوە و بۆنە دەکەن وەک شایی و پرسە یان هەر شتێکی دیکە، پێویستە سزا هەبن. ئەمە و ئەوە بوونە هۆی ئەو بەرزبوونەوەیە. ئێستا هەرێم رووبەڕووی ئەو بەرزبوونەوەیە بووە کە بەغدا مانگێک یان دوو مانگ پێشتر بەدەستیەوە دەیناڵاند. ئێمە ئێستا بەرزبوونەوە لە ئاماژەکاندا دەبینین بەشێوەیەک کە ئاماژەکانی هەرێم لەڕووی رێژەی سەدییەوە کەمتر بوون لەوانەی بەغدا یان لەوانەی دیکەی عێراق ، ئەمە یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان رووبدات.
رووداو: دەڵێن کە رێکارەکانی شلکردنەوە دوای قەدەخەی هاتووچۆ رێکخراو نەبوو؟ هۆکارەکە چییە؟ رێکارەکانی حکومەت رێکخراو نەبوو، یاخود پابەندنەبوونی خەڵک بوو؟
پێویستە سزا هەبێت بۆ ئەوانەی پابەندی رێنماییەکان نابن، ئەو کەسانە سزابدرێن کە دەمامک نابەستن و پرسە دادەنێن و ئاهەنگ دەگێڕن
ئەدهەم رەشاد: بڕوانە، من شتێکت پێ دەڵێم. ئەم دووانە هەردووکیان بوون بەیەکەوە، واتە بەرپرسیارییەکە هاوبەشە. من دەمەوێت خەڵک کاتێک تەماشای ژمارەکان دەکەن دوو شت لەیەک جیا بکەنەوە، چونکە خەڵک وا ژمارەکان دەبینن کە سووکن. لە تەلیڤیزیۆن دەیانبینن یان لە وێبسایتەکان دەیانخوێننەوە و یەکسەر تەلیڤزیۆنەکە دەکوژێننەوە و گوێی پێ نادەن، یان تەنیا ژمارەی رۆژانەی تووشبووان دەبینن، ئەمە ئاماژە نییە. من دەمەوێت ئەوەی پشت ژمارەکان بخوێنینەوە، دەمەوێت بینەرە بەڕێزەکان ئەوەی پشت ژمارەکان بخوێننەوە. ژمارەکان دەڵێن بۆ ئەوەی دەوڵەتێک دەرگاکانی بکاتەوە، دەبێت بە سووکی بیانکاتەوە، واتە پلە بەپلە ، نابێت هەمووی لە یەککاتدا بکرێتەوە وەک ئەوەی روویدا، واتە نابێت خواردنگە و قاوەخانە و چالاکییە وەرزشییەکان و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لە هەمانکاتدا بکرێنەوە. ئەمانە دەبێت بە قۆناخ بن، وەکو وڵاتانی ئەوروپا هەموویان ئەمەیان بە 7 یان 7 یان 9 قۆناخ ئەنجامدا، شتێکیان دەکردەوە ئینجا شتێکی دیکە. ئێمە ئەوەمان نەکرد. ئەو ئاماژانە چین کە دەبنە مایەی کرانەوە، گشت ئەو ئاماژانە لە کوردستان هەبوون. رێژەی هەفتانەی تووشبوون کەم بوو. ژمارەی تووشبوون لە 14 رۆژدا دووبەرامبەر دەبوو و ئەمەیش ئاماژەیەکی باشە، بۆ نموونە ئەگەر ئەمڕۆ 1000 تووشبوو هەبن دوای 14 رۆژ ئینجا ببێتە 2000. ئەمەیش زۆر باشە. رێژەی ئەوانەی ئەنجامی پشکنینەکانیان پۆزەتیف بوو لە تێستی پی سی ئاڕ کەمتر بوو لە 5%. ئەمە دوو مانگ لەمەوبەر یان پاش جەژنی رەمەزان. ئەمەش زۆر باش بوو. گشت ئاماژەکان وایان کرد بڕیاری کرانەوە بدرێت. بەڵام دەبوو کرانەوەکە قۆناخ بەقۆناخ بێت. کێشەکە ئەوەیە کرانەوەکە لەپڕ و بە خێراییەکی زۆر بەهۆی گوشارێکی ئابوورییەوە لەسەر هەندێ لایەنی دەوڵەت ئەنجامدرا. بێگومان لەمەشدا راست بوون و کرانەوەکە پێویست بوو. بەڵام دەبوو کرانەوەکە رێکخراوتر بێت، هەروەها دەبوو هەندێ رێکار لەسەر زەوی هاوشانی کرانەوەکە بن. بۆ نموونە مۆڵەکان دەکەمەوە، بەڵام ئەگەر لە مۆڵێکدا کەسێک بینرا بەبێ دەمامک پێویستە ڕێی لێ بگیرێت و سزابدرێت و هەتا دوایی. بۆ نموونە زۆرترین ئەو دۆخانەی تووشبوونیان تێدا روودەدات گردبوونەوەکانن. بۆیە نەدەبوو لە هیچ دۆخێکدا ڕێگە بە دانانی پرسە بدرێت، بەڵام ئەمە لە سلێمانی روویدا و من و تۆ ڤیدیۆکانمان بینی، تەنانەت بینیمان خەڵک لە ئێرانەوە بۆ پرسە هاتن کە ئەمە لۆجیکی تێدا نییە. ئەم شتانە بوونە هۆی ئەو بەرزبوونەوە خێرایەی ژمارەکان کە جەنابتان بینیتان.
رووداو: ئێوە وەکو رێکخراوی WHO هەڵسەنگاندنتان کردووە بۆ رێکارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئایا خاڵی دیکەی لاواز لە رێکارەکاندا هەیە؟
ئێمە وەک تەندروستیی جیهانی بە هیچ جۆرێک بەدواداچوون بۆ پێکوتە رووسییەکە ناکەین. ئەو پێکوتەیەی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، پێکوتەی زانکۆی ئۆکسفۆردە لە ئینگلتەرا، ئێستا لە دواقۆناخە و سەرکەوتنێکی گەورەی سەلماندووە
ئەدهەم رەشاد: من سوپاست دەکەم بۆ ئەم پرسیارە. چونکە بەڕاستی نیشانەی ئەوەیە تۆ لە قووڵایی کێشەکە گەیشتوویت. ئێمە لە سەرەتای تەنگژەکە و پێش تەنگژەکە هەڵسەنگاندنمان بۆ دۆخی تەندروستی لە عێراق ئەنجامدا و بە هیچ شێوەیەک باش نەبوو، چ لە هەرێم و چ لە دەرەوەی هەرێم. رەنگە ئاماژەکان لە هەرێم باشتر بوون لەوانەی دەرەوەی هەرێم، بەڵام بەو جۆرە نەبوون کە مایەی رەزامەندیی ئێمە بن وەک تەندروستیی جیهانی. ئێمە پلانێکمان هەبوو، بەڵام بەداخەوە کۆرۆنا هات و ئەو پلانەی راگرت. لە سەرەتای کۆرۆنا لە مانگی ئادار هەندێک شارەزامان هێنا و هەڵسەنگاندنی گشتگیرمان بۆ هەندێک ناوچە یان پێکهاتە سەرەکییەکان کرد لەڕووی بەدەنگەوەهاتن یان کاردانەوەی دروست بۆ نەخۆشییەکە. یەکێک لەو ئاماژانە، بۆ نموونە، قەڵاچۆکردنی نەخۆشییەکە بوو لەنێو نەخۆشخانەکاندا، ئەمە لە گشت نەخۆشخانەکانی عێراقدا لە نزمترین ئاستدا بوو. ئەمەیش وایکرد، لە هەرێم و لە دەرەوەی هەرێمدا ژمارەیەکی زۆر لە عێراقییەکان و لە کوردەکان نەیانەوێت لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر وەربگرن، پێیان باشتر بوو لە ماڵەوە بمێنن و نەچنە نەخۆشخانە یان تێست بکەن. با لەگەڵ کەسوکارمان لە کوردستاندا ڕوون بین، زۆرن ئەوانەی لە ماڵەوەن و من لێیان ئاگادارم، نایانەوێت تێست بکەن و نایانەوێت بچنە نەخۆشخانە لەبەر ئەوەی متمانەیان نییە. ئەمە لەکوێوە هات، لەوەی قەڵاچۆکردنی دەردەکە لە نەخۆشخانەدا کەمە و دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە ئەگەر کۆرۆنایشت نەبێت بە چوونت بۆ نەخۆشخانە تووش دەبیت. ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کە تیایدا تا ڕادەیەک ناهەق نەبوون، بەڵام دۆخەکە لەم دواییەدا کەمێک باشتر بووە. بەڵگەش ئەوەیە رێژەی چاکبوونەوە لە نەخۆشخانەکان لە گشت عێراقدا لە 50% نزیک بووەوە و گەیشتە 75%. بۆیە لەم رووەوە پێشکەوتن هەیە. ئەگەر بچینە سەر دەروازە سنوورییەکان، هەڵسەنگاندنمان بۆ دەروازە سنوورییەکان لە سەرەتای تەنگژەکە ئەوە بوو زۆر دەروازە هەبوو کۆنتراڵنەکراو بوون، دەمانبینی زۆرێک دێنە ژوورەوە و کەرەنتین ناکرێن و تێستی گونجاویان بۆ ناکرێت و ئەم کێشەیە هێشتا ماوە. تێستی پلەی گەرمی بەس نییە. پێویستە تێستی پی سی ئاڕ بکرێت چونکە لەوانەیە ٤ تا ٥ ڕۆژ کەسەکە نیشانەکانی نەبن و بێتە ژوورەوە و ببێتە هۆکاری بڵاوکردنەوەی پەتایەکە. ئەگەر بچینە سەر بەیەکگەیشن و بەریەککەوتن وەک ئەوەی من ئێستا لەگەڵ تۆ دانیشتووم و مەتر و نیوێک نێوانمانە. ئامرازەکان و بابەتەکانی وشیارکردنەوە لە راگەیاندن بەباشی دەگەنە توێژەکانی خەڵک، بەڵام نەمانتوانیوە وەکو پێویست بە توێژەکانی خواروو ئەوانەی لە دەوروبەری شارەکان دەژین و هاوشێوەکانیان بگەین. ئەو خەڵکە بوونە هۆی زیادبوونی ژمارەکان. ئەگەر سەرنج لە شتێکی دیکە بدەین.
ئینجا وەک داتا یان کۆکردنەوەی داتا بۆ بڕیاردان لەبەر ڕۆشنایی ئەو داتایانەی بۆمان دێن، دەزانی سیستمێکی یەکانگیر لە دهۆک و هەولێر و سلێمانی نییە؟ هەر ئێستا بۆ یەکخستنیان کۆبووینەتەوە. هەندێک جار داتاکان یان تاقیگەکان ژمارەی تووشبووان و زانیارییە کەسییەکانی هەر تووشبوویەک دوای چەند ڕۆژێک بەدەستی ئێمە دەگەیەنن. بەڕاستی ئەمە یارمەتیدەر نییە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی خێرا. پوختەکە ئەوەیە پێش کۆرۆنا و لە سەرەتای کۆرۆنادا بەهیچ جۆرێک لە ئاماژەکان ڕازی نەبووین، بەڵام چیمان کرد؟ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیارگەلی زۆر بوێری دا و زۆر ئامرازی خۆپارێزیی بەهێز و توندی لە سەرەتای تەنگژەکەدا گرتەبەر. ئەمە ماوەی تووشبوونەکانی درێژ کرد. بڕوانن جەنابتان، ئەوە 6 مانگە تووشبوون لە عێراقدا هەیە و، تازە من و تۆ باسی نیگەرانییەکی کەم لە هەرێمی کوردستان دەکەین. ئەم 6 مانگە یارمەتیی وەزارەتەکە و تەندروستیی جیهانیان دا بۆ دابینکردنی قەرەوێڵە و زیادکردنی توانای تاقیگەیی و مەشقکردن بەوانەی لە سنوورەکاندا کار دەکەن، بۆیە شتەکان باشتر بوون، بەڵام نموونەیی نین. ئەمەش هەڵسەنگاندنی ئێمەیە: باشتر بووین، بەڵام ئەو باشتربوونە نییە کە بەهۆیەوە بتوانین بەتەواوی بەرەنگاری تەنگژەکە ببینەوە وەک وڵاتانی نەرویج و دانیمارک و وڵاتانی دیکەی سەرکەوتوو لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە.
رووداو: ئەو دۆخەی ئێستای کوردستان و عێراق ئەنجامی کۆمەڵێک کەمتەرخەمی بووە، ئێستا چی بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ ئامادەکاری بۆ هاتنی شەپۆلی دووەم ئەگەر هات؟
ئەمساڵ ڤاکسین بەردەست نابێت، لەگەڵ کۆتایی ساڵی 2021 لەوانەیە پێکوتەکە 100% بەردەست بێت و سەرەتا دەدرێتە پزیشکان و ئەوانەی بەتەمەنن و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە
ئەدهەم رەشاد: بێگومان من ئەم جارەش سڵاوت ئاراستە دەکەم بۆ پرسیارەکەت، چونکە ئەمە ئەو شتەیە کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی یان وەزارەتی تەندروستیی هەرێم یان لەسەر ئاستی ناوەند بیری لێ دەکەینەوە. رۆژانە بیر لەوە دەکەینەوە چیمان پێ دەکرێت؟ یەکەم شتێک کە کردمان و وەک تەندروستیی جیهان لەسەری رێککەوتین و رەنگە جەنابیشتان بینیبێتتان لە سلێمانی یان لە هەولێر، دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بوو لەسەر زەوی، لە ناوچە هەرە میللییەکان و هەرە قەرباڵخ لەڕووی دانیشتووانەوە و زیاتر تووشبوو بە پەتاکە. چووین دکتۆر سامان و دکتۆر سەباح لە سلێمانی لەگەڵمدا بوون، چووین و شتمان دابەش کرد و جەنابی پارێزگاریش ئامادە بوو، پارێزگاری هەولێر و پارێزگاری سلێمانی، قسەمان لەگەڵ خەڵک دەکرد و هۆشیارمان دەکردنەوە و دەنگۆکانمان ڕەتدەکردەوە و تا ئەمڕۆ خەڵکێک هەن دەڵێن کۆرۆنا نییە، بێگومان هەڵمەتەکانی هۆشیارکردنەوە و راگەیاندن بەلای منەوە بە پلەی یەک دێن بۆ گەیشتن بە خەڵک. بەلای کەمەوە بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوون تەنانەت ئەگەر بەشەکییش بێت "جزئی" ، پێیان بڵێین ئەگەر دەربەستی خۆت نایەیت دەربەستی باوکت و دایک تو منداڵەکانت ببە و تا دوایی. بەشی دووەم مەشقپێکردنی چڕە بە هاوبەشیی رێکخراوی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەموو ئەفسەرانی خاڵەکانی هاتنە ژوورەوە و چوونە دەرەوە و دەروازەکانی کوردستان چ لە دهۆک بن یان سلێمانی. ئەمەمان لەم ماوەیەی دواییدا بە چڕی کردووە و تازە هەندێکمان تەواو کردووە، هەروەها مەشق بە فڕۆکەخانەی هەولێر و فڕۆکەخانەی سلێمانیش دەکەین، بۆ فێرکردنی شێوازی هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆخەکان و گومانلێکراوان و ئەم بابەتانە. هەروەها زیادکردنی توانای تاقیگەیی، من هەر ئێستا ڕەزامەندیم دەربڕیوە لەسەر بڕیارێک یان داوایەکی دهۆک بۆ ئەوەی 4 ئامێری نوێی پی سی ئاڕیان بۆ بێت بۆ زیادکردنی توانایان. هەروەها ژمارەکان لە دهۆک لە بەرزبوونەوەدان و دەبێت قەرەوێڵە زیاد بکرێن و تازە ژمارەیەکی باش قەرەوێڵەمان بە وەزارەت داوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ ماوەی داهاتوو لە زستان و ئەو پێشبینییە چاوەڕوانکراوانە. لە کاتی نەبوونی دەرمان یان پێکوتە هیچمان لەدەست نایەت مەگەر توانای بەرگەگرتن و هەوڵی کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان بدەین لەڕێی وشیارکردنەوەی خەڵکەوە. بەڵام، من لەم شوێنەمەوە لێرە تکا لە بەرپرسان دەکەم. لە گەلێ وڵاتی دنیا هەر کەسێک سەرپێچیی ڕێنماییە تەندروستییەکان بکات سزا دەدرێت. شەپۆلی داهاتوو زۆر لەوەی ئێستا توندتر دەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت سزاکان توندتر بن. ئاراس، من و تۆ دەبێت ددان بەوەدا بنێین کە شتی زۆر لە پارێزگەکانماندا روویداوە. لە دهۆک یەکەمجار خراپبوونی دۆخەکە بەهۆی چییەوە بوون؟ داوەتێک بوو بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە. لە سلێمانی هۆکاری ئەم تەشەنەکردنەی دوایی پرسەیەک بوو. لە هەولێر هەندێک بۆنە و ئاهەنگ کە هەموو ئێمەی هاووڵاتی دەیانبینین و لێیان ئاگادارین. پێویستە ئەم شتانە ڕابگیرێن. 60%ی هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتاکە گردبوونەوەکانە. بەکارهێنانی دەمامک دەبێتە هۆی پاراستن بەڕێژەی 40%. هەر بەو بۆنەیەوە، من و تۆ دەمامکمان پێیە بەڵام لەبەر ئەوەی نزیکەی 2 مەتر دوور لەیەک دانیشتووین، دامانناون. بەڵام ئەگەر ئەم کارانە بکەین تووشبوون رادەوەستێت. چ سەختییەکی تێدایە کە من ئەگەر شاییەکم هەبوو یان پرسەیەک نەیکەم. چیی تێدایە ئەگەردەمامک ببەستم و لێی ڕابێم و ببێتە بەشێک لە رۆتینی ڕۆژانەی دەرچوونم لە ماڵ، چ بارگرانییەکی تێدایە ئەگەر بەردەوام دەستەکانم بشۆم. ئەی چ زەحمەتییەک لەوەدایە خەڵک خۆیان لەیەک بەدوور بگرن لە قەرباڵخی دوور بکەونەوە. کە قەرەباڵخییەکمان بینی لەلای خۆمانەوە بەشێوەک بوەستین کە ماوەی نێوانمان 2 مەتر بێت. ئەمانە شتی سادەن. بەڵام مرۆڤ هەندێ جار پشتگوێیان دەخات. بۆیە بۆ ئەم ماوەیەی داهاتوو تکا لە خەڵک دەکەم و لەبەر ئەوەی شەپۆلی داهاتوو زۆر مەترسیدارترە، هەروەها هۆشداری دەدەمە گشت ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان گوێیان لە منە، خوشکان برایانی ئازیزم، زستانی داهاتوو سەخت دەبێت و پێکوتەکە پێش کۆتایی ئەم ساڵە بەردەست نابێت.
رووداو: ئایا ڤاکسین تاکۆتایی ئەمساڵ ئامادە نابێت؟
پشکنینی خێرا گەورەترین کێشەی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە، ناکرێت بەتەواوی پشتی پێ ببەسترێت، چونکە ئەنجامەکەی کێشەی دروستکردووە
ئەدهەم رەشاد: با بابەتی ئەم پێکوتەیە بۆ خەڵک روون بکەمەوە، چونکە پرسیارم لێ کراوە، لە هەولێر پرسیاری پێکوتە رووسییەکەم لێ کرا. من بە خەڵک دەڵێم ئێمە وەک تەندروستیی جیهانی بە هیچ جۆرێک بەدواداچوون بۆ پێکوتە رووسییەکە ناکەین. ئێمە خانەیەکی گەورەمان دروست کردووە لە مەڵبەندەکانی توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان و نزیکەی 150 دەوڵەت تیایدا بەشدارن. ئەم 150 دەوڵەتە توێژینەوە دەکەن لە ژێر چاودێریی ئێمە و هەندێک جارانیش لەلایەن ئێمەوە پاڵپشتیی ماددی دەکرێن. ئەو پێکوتەیەی گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی، پێکوتەی زانکۆی ئۆکسفۆردە لە ئینگلتەرە. ئەم پێکوتەیە یەک جار لێ دەدرێت، کۆمەڵێک وڵات و بەرهەمهێن لێی کۆ بوونەتەوە کە هاوپەیمانیی جیهانیی پێکوتە (گاڤی) لەگەڵیان ڕێک کەوتووە کە لاتەنێکی گەورەیە و پشتیوانیکراوە. هەر کە پێکوتەکەی ئۆکسفۆرد دوایین قۆناخی پەسەندکردنی بڕی و گاڤی لەگەڵ بەرهەمهێنەکان رێککەوت. ئێمە چاودێریی پێکوتەکە دەکەین، چاودێریی ئەمنییەتەکەی دەکەین، چونکە ناشێت من پێکوتەیەکت بدەمێ زیانت پێ بگەیەنێت. بۆ نموونە کۆرۆنات هەیە و خوانەخواستە تووشی شێرپەنجەت بکات. چاودێریی سەرکەوتوویی لەڕووی پزیشکییەوە دەکەین تا بزانین بەڕاست لەڕووی پزیشکییەوە چارەسەربەخشە و دەبێتە مایەی پاراستنت یان نا. ئەو ئێستا لە دواقۆناخە و سەرکەوتنێکی گەورەی سەلماندووە. لە دواقۆناخە. هەر کە مۆری شیاوی بۆ دروستکردنی لێ درا، بەرهەمهێنەرەکان دەکەونە بەرهەمهێنانی. بەرهەمهێنەکان، وەک لێکمان داوەتەوە، بۆمان دەرکەوتووە نەک هەر عێراق هیچ دەوڵەتێک لە دنیادا پێش کۆتایی ساڵ لە بەشی 20% ی دانیشتووان زیاتری پێ ناگات. ئەگەر عێراق بە نموونە وەرگرین دەکاتە 8 ملیۆن، پشکی هەرێمی کوردستان نزیکەی 20% دەبێت، بەمەیش هەرێم لەو 8 ملیۆنە ڕەنگە نزیکەی ملیۆن و نیوێک پێکوتە یان ملیۆنێک و 600 هەزاری بگاتە دەست، باشە ئەمە بەشی کێ دەکات. بۆیە داپۆشینەکە تا کۆتایی ساڵ ئەو 20%ی دانیشتووان دەبێت. ئەمە ئەو پێکوتەیەیە کە هیوامان پێیەتی و تەندروستیی جیهانی بەدواداچوونی بۆ دەکات.
رووداو: ئەمە چۆن دەگاتە حکومەتی عێراق؟ ئایا ئێوە هاوکاردەبن؟
سیتی سکان یان ئەشیعەی سینگ ئەگەر پزیشک بڕیاری لێدابێت 100٪ تەواوە، بەڵام ئەگەر لەخۆتەوە گرتت و هیچ دەرنەکەوت رەنگە نەخۆشییەکەت لە قۆناخێکدا بێت کە بە تیشک دەرنەکەوێت
ئەدهەم رەشاد: بەڵێ بێگومان. هەر ئەوەیشە کە ئێمە کردوومانە. ئێمە گشت بەڵگەکانمان لە بەڕێز وەزیری تەندوستیی ناوەند وەرگرت و واژۆمان کردن، حکومەتی عێراق و ئێمە بەڵێنمان داوە پارەی پێکوتەکە بەتەواوی بە بەرهەمهێنەکان بدەین و ئێستا لەو کۆبوونەوانەدا بەشدارین کە بەرهەمهێنەکان ئەنجامیان دەدەن کە پێی دەڵێن (کۆڤاکس فاسیلیتی) کە گاڤی پێکیهێناوە. من تۆ و بینەرانی بەڕێز دڵنیا دەکەمەوە کە عێراق یەکێکە لە 97 وڵاتی دنیا . بەڵام ئەوە پێش کۆتایی ساڵ نابێت و تەنیا بەشی 20%ی دانیشتووان دەکات.
رووداو: ئایا %80 دیکە کەی بەردەست دەبێت؟
ئەدهەم رەشاد: ئێمە پێشبینی دەکەین ئەگەر ئاستی بەرهەمهێنان بەم شێوەیە بێت ساڵێکی دەوێت، واتە لەگەڵ کۆتایی ساڵی 2021 لەوانەیە پێکوتەکە 100% بەردەست بێت. سەبارەت خەڵک، ئەگەر من 20% بە تۆ بدەم تۆ بە کێی دەدەیت. من پێشنیاز دەکەم ئەوانەی مەترسیی زۆریان لەسەرە نەخۆشیی دیکەیان هەیە وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و ئەم جۆرە نەخۆشییانە کە لە کاتی تووشبوونیان مەترسیی زۆرتریان لەسەرە هەروەها بەتەمەنەکان. پێم وایە هەر بەشی ئەمانە بکات. ئەوانەی گەنجن تەمەنیان 30 تا 40 ساڵە یان 40 تا 50، ئەمانە ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی نەگرنە بەر تووش دەبن، بەڵام سەرەتا ڤاکسین بۆئەوانەیە کە مەترسی زیاتریان لەسەرە.
رووداو: ئایا بەردەست دەبێت بۆ پزیشکان و پەرستارانیش کە لە سەنگەری پێشەوەن؟
ئەدهەم رەشاد: بێگومان. ئەوان لەو کۆمەڵە کەسانەن کە پێویستە لە یەککمەکانی ئەوانە بن کە بە پێکوتەکە دەکوترێن. بەم بۆنەیەوە دەمەوێت شتێک بڵێم تووشبوونی پزیشکان لە عێراق و لە هەرێمدا بەڕێژەیەکی زۆر کەمی کردووە، چونکە وەک گوتم رێکارەکان لە نەخۆشخانەکاندا باشتر بوون. ئامرازەکانی خۆپارێزی سەرەتا لە نەخۆشخانەکاندا زۆر کەم بوون و ئێستا بەشێوەیەکی باش بەردەستن، رێژەی تووشبوون ئێستا لەنێو پزیشکانی عێراق و هەرێم بەتایبەتی لە 6%ەوە دابەزیوەتە نزیکەی 4%. ئەمە ئاماژەیەکی باشە و نیشانەی کەمبوونی تووشبوونی پزیشکانە. زۆربەی ئەو پزیشکانەی تووش دەبن تەمەنیان کەمە 30 تا 40 ساڵانن. ئێمە ئەمەمان ناوێت. واتە پزیشکە گەورەکان ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە ئاگاداری خۆیانن. ئەمە شتێکی زۆر باشە و دەمانەوێت بە هێزی خۆیان نەنازن چونکە وەک پزیشک پێویستیمان پێیان هەیە و ناکرێ یەک رۆژیش لە کار داببڕێن لەبەر ئەوەی وەک دەبینی ڤایرۆسەکە خێرا تەشەنە دەکات و ئێستا لە کوردستان بڵاو دەبێتەوە، بۆیە تکاتان لێ دەکەم لەبەر خاتری من ئاگاداری خۆتان بن بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکەن.
رووداو: بەرای ئێوە کەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دێت؟
ئەدهەم رەشاد: سەختترین شت لە بابەتی کۆرۆنا ئەوەیە پێشبینی بکەیت چی روودەدات. من تەحەددا دەکەم کەسێک پێش 6 مانگ گوتبێتی ژمارەکان بەم شێوەیە دەبن. یان دەگەینە ئەم دۆخە. پێشبینی زۆر ئەستەمە. بەڵام با ئەوەت پێ بڵێم ئێمە لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی سەنتەرێکمان هەیە بۆ پێشبینی. پێشبینییەکان بەم شتانەوە گرێدراون: پەیوەستن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە. ئەگەر ئەو رێژەو ژمارانەی ئێستا، ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ئێستا زیاتر ببن رێژەکە دادەبەزێت. ئەگەریش ڕێکارەکانی خۆپارێزی وەک خۆیان بمێنن رێژەکە بەرز دەبێتەوە. ئەگەر رێکارە خۆپارێزییەکان زۆر کەم ببن قۆناخەکە روو لە بەرزبوونەوەیەکی گەورە دەکات و ناتوانین بەسەریدا زاڵ ببین. بۆیە بڕیارەکە بە دەستی خەڵکەوەیە. من پێت دەڵێم ئەگەر بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام ببین، کە ئێمە ئێستا لە هەرێمی کوردستان قسە دەکەین کە نزیکەی 2000 کەس ئێستا لە نەخۆشخانەکاندا چارەسەر دەکرێن، تووشبووە چالاکەکان 9800 کەسن، بەڵام تەنیا 20%یان دەچنە نەخۆشخانە و 80%یان لە ماڵەوە چارەسەر دەکرێن لەبەر ئەوەی دۆخەکەیان سووکە. ئەم 20%ە نزیکەی 2000 کەسن. ئەم 2000 کەسە دەتوانین لەخۆیان بگرین، بەڵام ئەگەر لەمە زیاتر و فراوانتر ببێت نەخۆشخانەکانمان ناتوانن لەخۆیان بگرن.
رووداو: پێشبینی دەکەن تووشبوان زیاتربن؟
ئەدهەم رەشاد: بەو ئاستەی ئێستا نەخێر. بەڵام ئەگەر گوێنەدان زیاد ببێت و بەهەند وەرنەگرتن زیاد ببێت بەڵێ. چونکە من دەبینم خەڵک ڕۆژبەڕۆژ بێزارتر دەبن. ئەگەر ئەمڕۆ دەمامک ببەستێت ماوەیەکی دیکە دەڵێت بێزار بووم و فڕێی دەدات و ئەوەی خۆی بەدوور دەگرت لە خەڵک دەڵێت ئەوەیشم کرد و هیچ نەبوو ، ئەوەی نەیدەویست داوەت و شایی و ئەم شتانە بکات ئێستا دەیەوێت بیانکات و دەڵێت ئەوەتا دراوسێیەکەم کردی و هیچ ڕووی نەدا. من دەڵێم بەو دۆخی گوێنەدانەی دەیبینم ئەگەر هەیە ئەمە ڕوو بدات. من دەمەوێت خەڵک پابەند ببن ئەگەر بەم نزمترین ئاستەی ئێستایشەوە بێت. بۆ ئەوەی تەنگژەکەی زستان بە سەلامەتی تێپەڕێت.
رووداو: تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان چییان لێدێت؟ بەتایبەتی ئەگەر هاتوو شەپۆلێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتەوە؟
شەپۆلی داهاتوو مەترسیدار و تووندتر دەبێت، بۆیە لێرە هۆشداری دەدەین لە بەرزبوونەوەی تووشبوون
ئەدهەم رەشاد: سەیرکە، ناکرێت نکۆڵی لەوەبکرێت کە سەرەتای قەیرانەکە، جۆرێک لە فەرامۆشکردنی نەخۆشییەکانی دیکە کراوە، تەنانەت کەرەستەی پێویست نەبووە، نەک لە ماڵەکان بەڵکو لە دەرمانخانەکاندا هەندێک لە دەرمانەکان دەستکەوتنیان ئەستەم بووە وەک دەرمانی شێرپەنجە، هەروەها بەهەمان شێوە دەرمانیش لە هەرێمی کوردستان کێشەی هەبووە، وەک تەندروستی جیهانی بە خێرایی هەستمان بەوەکرد، و گوتمان دەبێت نەخۆشەکان چارەسەربکرێن. کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا سەری هەڵدا رێژەی مردن 3 بۆ 4٪ بوو، ئەمەش رێژەیەکی پەسندە، چونکە بۆ زانین نەخۆشیی زۆر هەیە، ئێمە ناکرێت نەخۆشییە بنەڕەتییەکان لەبەر کۆرۆنا چارەسەرنەکەین. وەک بەڕێزت باست کرد، لە هەندێک باردا کە ئەوەی بەم دواییانە کراوە بەرزی دەنرخێنم کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تەندروستی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک و بەڕێز وەزیر ئەنجامیانداوە، لەوانە کردنەوەی نەخۆشخانە تایبەت بە کۆرۆنا، وەک نەخۆشخانەی لالاڤ لە دهۆک، هەروەها لە سلێمانی قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان زیاتر و فراوانترکران، لە راستیدا قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکراون، هەندێک لە نەخۆشخانەکان تایبەت کراون بە کۆڤید 19، ئەوەی دەمێنێتەوە بەکارهێنراوە بۆ چارەسەرکردنی تووشبووانی نەخۆشییەکانی دیکە، بۆیە ئێمە کارمان لەسەر ئەوەکردووە کە نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا تەرخان بکرێت لە هەرێمی کوردستان، ئێستا دۆخەکە لەبارەی نەخۆشییەکە باشترە.
رووداو: بۆشاییە گەورەکان لە سیستەمی تەندروستی کوردستاندا چین؟ ئەو هۆکارانە چین کە بوونە هۆی ئەوەی ئێمە نەتوانین بەباشی رووبەڕووی کۆرۆنا ببینەوە؟
ئەدهەم رەشاد: سەیرکە ئێمە باسی سیستەمی تەندروستی دەکەین بەشێوەیەکی گشتی، باسی دەسەڵاتی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دۆخی تەندروستی دەکەین، لەسەر زەوی کەسانی لێهاتوو و خاوەن توانا هەن، بەڵام پێویستیان بە لایەنی داراییە، پێموایە بودجەی تەرخانکراوی تەندروستی کەمترە لە بڕی پارەی پێویست، ئەمەش بەهۆی ئەو قەیرانە لەناکاوەی هەیە ، دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکان قەیرانی دارایی بێت لە هەرێمی کوردستان، دەکرێت هەندێک فاکتەری دیکەش هەبن، وەک کەمبوونەوەی داهاتی نەوت کە لەسەر ئاستی عێراقدا بەپێی پێویست نەبووە، بەڵام ئێمە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هیوادارین خەرجییەکانی تەندروستی زیاتر بکرێن، چونکە ئێستا بەپێی پێویست نییە، ئەمە خاڵی یەکەم، ئینجا خاڵی دووەم سەروەتی مرۆیی لە پزیشک و کارمەندان لە کەمترین ئاستن لە رووی ژمارەیانەوە بەراورد بە رێژەی نەخۆشەکان، چونکە بەهۆی کۆرۆنا نەخۆش زیادیکردووە، ئینجا تەنانەت ئەو مووچەیەی وەریدەگرن زۆر کەمە، لەگەڵ زۆربەی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی تەندروستی کە لە سەردانی ئەم دواییانە قسەم لەگەڵ کردوون لە سلێمانی و هەولێر گلەیی زۆریان لەو بابەتە هەیە و رازی نین لەوەی مووچەکانیان دوادەکەوێت و لە ئاستی پێویست نییە، ئەمە وادەکات ئەوان پێویستیان بە کاری دیکە هەیە بۆ دابینکردنی بژێویی ژیانیان، ئەمەش خاڵێکی دیکە، خاڵی چوارەم تەکنەلۆجیای تەندروستی و دەرمان و کەرەستەی پزیشکی کەموکوڕی تێیدایە ، رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەوڵدەدات ئەم بۆشاییانە پڕبکاتەوە، لە رابردوودا 22 تۆن دەرمان و کەرەستەی تەندروستی داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان . بنکە تەندروسییە بەراییەکان و نەخۆشخانەکان ، پێشتر باسی نەخۆشخانەکانمان کرد، بەڵام دەبێت بنکە تەندروسییەکان رۆڵی گرنگی خۆیان ببینن و بەهێزتربن بۆ تواناکانیان تاقیگەکان ئامێری زیاتریان پێویستە. زیاد بکرێن ،ئەمەش ئەرکی ئێمەیە، دوایین پێویستی کە دەمەوێت باسی بکەم چاودێری پزیشکییە یاخود بەڕێوەبردنی تەندروستییە لە نێو نەخۆشخانەکان، پرۆتۆکۆلەکانی نێو نەخۆشخانەکان دەبێت لە بەرزترین ئاست بێت و هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە رووی چارەسەرکردن و قەڵاچۆکردنی پەتا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی، ئەمانە کەموکوڕی تێیدایە، بۆیە لەسەر ئەمانە هاوکات لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی فیدراڵی کاردەکەین.
رووداو: بەڕای ئێوە لەدوای کۆرۆنا پێویستە گۆڕانکاری لە سیستمی تەندروستیدا بکرێت؟
ئەدهەم رەشاد: بێگومان ئەمە قسەی لەسەر نییە، کۆرۆنا کاریگەری کردووەتە سەر تەندروستی، ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی ، پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت بۆ زانینی ئەمانە، یەکەم ئێمە لە دۆخێکی خراپداین و لە زۆر شتدا باش نین، بەڵێ هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق دۆخی باشترە، ئەمەش دانی پێدانراوە و هەموو ئاماژەکان باسی ئەمەدەکەن، بەڵام وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەئاست خواستی ئێمەدا نییە، چونکە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بەرزتربکاتەوە. کاتێک کۆرۆنا
سەریهەڵدا بێگومان کاریگەری هەبووە لەسەر خزمەتگوزاریی تەندروستی، لە هەندێک ناوچە دۆخەکە باشتر بووە لەوانە لە رووی زیادبوونی قەرەوێڵەکان و کارگە و تاقیگەکان، بەڵام لە هەندێک ناوچە کاریگەری لەسەر خزمەتگوزاریی دیکە دروستکردووە لە پەتا و قەڵاچۆکردنی پەتا، بۆیە دوای دەربازبوون لە کۆرۆنا پێویستە جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە بکرێت، دواتر هەنگاو بنرێت بۆ دانانی پلان لەلایەن دەوڵەتەوە لە رووی ئیدارەیی و سیاسی و ماددییەوە ئەمەش لە هەموویان گرنگترە ، تکادەکەم با خەڵک بزانن و روو دەکەمە ئیدارە و حکومەتەکان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی و پێیان دەڵێم لەو قەیرانە فێربووین کە هیچ شتێک لە تەندروستی بەهادارتر نییە و دەبێت خەرجی حکومەتیش هاوشانی ئەمە بێت.
رووداو: ئایا بینیوتە کە پلانی نووسراو هەبن؟
ئەدهەم رەشاد: چوار قۆناخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هەیە با بۆ بینەران روون بێت، یەکەمیان ئەو قۆناخە بوو کە کۆرۆنا لەنێوخۆ نەبوو و خەڵکی لە دەرەوە هێنایان. رێکخراوی تەندروستی جیهانی پلانێکی داڕشت و پێشکەشی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ناوەندی کرد، ئەوانیش بە هەندێک دەستکاری کەمەوە پەسندیان کرد، لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە کارمانکرد، دواتر چووینە قۆناخێکی دیکە کە پێشتر تووشبووان لە دەرەوەی هەرێم یاخود لە دەرەوەی عێراق هاتبوون، لە هەندێک شوێنی دیارکراودا بوون لەسەر نەخشە، هەندێک شوێن پڕی تووشبوو بوو و هەندێکی دیکەش خاڵی بوون، لەوانە لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانی بەرزترین رێژەی پەتاکەی تێیدا بڵاوبووەوە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە. لە بەغدا لە 10 شوێنی نیشتەجێبوون بە خراپی بڵاوبووەوە، لە بەسرە لە شوێن یاخود دوو شوێن بەهەمان شێوە قۆناخی دووەم "کلاستەر" بوو. دواتر بەداخەوە چووینە قۆناخی دیکە بە نزیکەی دوای جەژنی رەمەزان دوو هەفتە یاخود سێ هەفتە دەکرێت بڵێین لەمانگی شەش چووینە قۆناخی گواستنەوەی کۆمەڵگەیی، کە گواستنەوە لەسەر ئاستیی کۆمەڵگەیی بووە، ئەمە پێویستی بە ستراتیژ و بیرکردنەوەی جیاواز هەبوو، لە قۆناخی یەکەم و دووەم ئامانجمان لەنێوبردنی ڤایرۆسەکە بوو ، بەڵام لە قۆناخی سێیەمدا ئێمە دەمانەوێت بڵاوبوونەوە کەمبکەینەوە تاوەکو بگەڕێینەوە بۆ ئەو ناوچە دیاریکراوانەی کە نەخۆشییەکەی تێیدا بڵاوببووەوە و بگەڕێنەوە دۆخی پێشوو، ستراتیژەکە کەمکردنەوەی ڤایرۆسەکە و کەمکردنەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەیە، بۆیە بۆ جاری سێیەم پلانەکەمان گۆڕی بە راوێژ لەگەڵ هەردوو وەزارەت، ئەمەش بۆ گەیشتن بە پلانێکی نوێ کە بریتی بوو لە کەمکردنەوە، ئێمە سەرکەوتووبووین لە کەمکردنەوەی ڤایرۆسەکە، دوای جەژنی رەمەزان راستەوخۆ ئەگەر خەڵک لە بیریان بێت رێژەی چاکبوونەوەی 50٪ بوو، رێژەی مردن 5٪ بوو، لەکاتێکدا پێشتر رێژەی مردن 3٪ و چاکبوونەوە 75٪ بووە ئەمە مانای چییە؟ مانای وایە ئێمە رێڕەوکەمان گۆڕیوە لە دوای جەژنی رەمەزان، ئەمەش بەهۆی گۆڕینی پلانەکەمان و شێوازی کارکردن بووە، ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان پێی گرفتارە هەم ئەو گرفتارییە بووە، کە عێراق مانگ یاخود مانگ ونیوێک لەمەوبەر پێی گرفتاربوو، ژمارەکە لە بەرزبوونەوەدایە، بۆیە ئەو پلانەی دوو مانگ لەمەوبەر لە عێراق بەکارمان دەهێنا، ئێستا هەمان پلان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەین و جارێکی دیکە ژمارەی تووشبوون لە هەرێمی کوردستان رووی لە دابەزین کردووە.
رووداو: ئەو هەستیارییەی لە دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە PCRدا هەیە کەم نییە بەرامبەر بە ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە؟
ئەدهەم رەشاد: نەخێر تۆ تاقیکردنەوە دەکەیت تۆ باسی هەستاریی ئامێرەکە دەکەیت، ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی قسەبکەم لە بارەی بابەتی پشکنینی خێراش، وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی. "دکتۆر ئاراس قسەیەک دەکات لێرە، دەڵێت دووەم پرسیارم بوو" بەڵێ پرسیاری دووەمت بوو، باشە با جارێ باسی بابەتی هەستیاریی پی سی ئاڕت بۆ بکەم هەستارییەکەی بەرزە، وردییەکەی لانیکەم لەسەرووی 80٪یە، واتە هێشتا رێژەیەک بۆ هەڵە هەیە، ئەمەش مانای وایە دەکرێت هەندێک پۆزەتیڤ و هەندێکی دیکە نێگەتیڤ بێت ، رەنگە نەخۆش پشکنینی پۆزەتیف دەربچێت کەچی نێگەتیڤیشە، یاخود نێگەتێڤ بێت بە پۆزەتیڤ دەربچێت، ئەمە رێژەیەکی کەمە، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە باشترین شێوەکەیەتی، لەگەڵ ئەوەی لەبارەی جۆرێک لە هەستارییەوە لەسەر ئەو بابەتە من لەگەڵ تۆدام و لە هەندێک لە حاڵەتەکان ورد نییە.
رووداو: بۆچی لەگەڵ تێستی خێرانین وەکو WHO؟
ئەدهەم رەشاد: پشکنینی خێرا گەورەترین کێشەی رێکخراوی تەندروستی جیهانییە، ئەمڕۆ مرۆڤایەتی بەردەوام لەگەڵ کاری خێرادایە، خەڵک کاری خێرایان دەوێت، بۆ نموونە تۆ لە فڕۆکەخانەی دەتەوێت بە خێرایی کارەکانت رایی بکرێت و خوێنت لێ وەربگیرێت و لەسە ئامێرەکە دابنرێت لە چەند خولەکێکدا دەتەوێت بزانیت تۆ پۆزەتیڤی یاخود نێگەتیڤی ، ئامێرەکە هەستیارییەکەی کەمترە لە 60٪ و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە، باشە کە دەڵێت تۆ نێگەتیڤی ئایا بە تەواوی لەخۆت دڵنیایت و بچیتە ماڵەوە منداڵەکەت لە باوەش بگریت، چونکە تۆ نێگەتیڤی نەک پۆزەتیڤ، ئەمە کارەساتە، لە زۆری ناوچەکانی جیهان بینومانە 10 کەس پشکنینی خێرای بۆ کراوە ئەنجامی 5یان بە پۆزەتیڤ دەردەچێت، دەڵێت تۆ پۆزەتیڤی یاخود پێچەوانەکەی سەرەتا نێگەتیڤ بووە دواتر دەرکەوتووە. ئێمە وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەنتەری سەرەکیمان لە جنێڤە، بەتەواوی لێکۆڵینەوەمان لەسەر پشکنینی خێرا بە هەموو جۆرەکانییەوە کردووە، تاوەکو ئێستا ناتوانین بەتەواوی پەسندی بکەین بۆ هەڵسەنگاندن، من لێرەوە داوا لەهەموو دۆست و هاوڕێیانمان لە بەرپرس و وەزیرانی تەندروستی کوردستان و عێراق دەکەم، پشکنینی خێرا هاوردە نەکەن و ناکرێت بەتەواوی پشتی پێ ببەسترێت، چونکە ئەنجامەکەی کێشەی دروستکردووە.
رووداو: ئەگەر کەسێک PCRی بەدەستنەکەوت و نیشانەکانیشی هەبوو، ئایا ئەو کەسە وایدابنێت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە بەبێ ئەنجامدانی تێست؟
ئەدهەم رەشاد: نەخێر نەخێر، بەدڵنییاوە نەخێر، زۆرجار ئەوانەی بە گومانی کۆرۆنا پشکنینیان کردووە، دواتر دەرکەوتووە نێگەتیڤ بوونە. پرسیارەکەت گرنگە و دەمەوێت جارێکی دیکە روونکردنەوەی لەبارەوە بدەم ، خەڵکێکی زۆر کە لەماڵەوە هەستدەکات پلەی گەرمی بەرزبووەتەوە و بیر لەوەدەکاتەوە، کە کۆرۆنایەتی و دووچاری پرسێکی دەروونی دەبێت و پەنا دەبات بۆ ئۆکسجین و کاری نامۆ، باشە خۆت رادەستی دەوڵەت بکە، تۆ نیشانەکانت هەیە ، لە وەزارەتی تەندروستی پشکنینت بۆ دەکەن و پارەشت لێوەرناگرن ، بەبێ ئەوەی هیچ پارەیەک بدەیت پشکنینت بۆ دەکەن، ئەگەر وا نەکەیت تۆ دەبیتە هەڕەشە لەسەر شوێنی کارت، ئامۆگاریم بۆ ئەو کەسانە کە هەست بە نیشانەکان دەکەن، خۆت بۆ خۆتی دەستنیشان مەکە یاخود سەردانی نۆرینگە تایبەتەکان مەکە، بۆ زانیاری لە کاتێک لە کاتەکاندا هەڵسەنگاندمان بۆ تووشبوون لە پارێزگایەکی عێراقدا کرد، دەرکەوت 30٪ی هۆکاری بڵاوبوونەوەکە بەهۆی نۆرینگە تایبەتەکانە، ئەو کات حکومەت بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران ئەو نۆرینگە تایبەتانەی داخست، پەیامی دووەمم بۆ هاووڵاتیان سیتی سکان یان ئەشیعەی سینگ ئەگەر پزیشک بڕیاری لێدابێت ئەم 100٪ تەواوە، بەڵام ئەگەر سیتی سکانی سینگت لەخۆتەوە گرت و هیچ دەرنەکەوت مەڵێ تەواو نێگەتیڤم ،رەنگە نەخۆشییەکەت لە قۆناخێکدا بێت کە دەرنەکەوێت بە تیشک، بەڵام لە هەموو بارێکدا پی سی ئاڕ زیاتر پشتی پێدەبەسترێت، بۆیە تکاتان لێدەکەم لەخۆتانەوە پشکنین مەکەن و خۆتان چارەسەری خۆتان مەکەن.
رووداو: پشتگیری رێکخراوی WHO بۆ ژێرخانی کەرتی تەندروستی لە کوردستاندا چی دەبێت؟
ئەدهەم رەشاد: هەموو ئەو ناوچانەی ئێمە کاری تێدا دەکەین لە رووی تەکنیکییەوە هاوکارییان دەکەین ، بەڵام با باسی کارکردن و لایەنی ماددی بکەین، لە دوایین جار ئێمە کیتی پشکنینی کۆرۆنا و کەرەستەی فریاگوزاریمان دابینکردووە، کەرەستەکانی خۆپارێزیمان دابینکردووە لەوانەش ماسک و دەستکێش و داپۆشەری پێڵاو، ماسکی ئۆکسجین، لە مەراسیمێکی گەورەدا 22 تۆن پێویستییمان رادەستی بەڕێز وەزیری تەندروستی کرد و رێکخەری هەمیشەیی نەتەوەیەکگرتووەکانیش لە عێراق ئامادەی بوو ، بەهای کەرەستەکان 700 هەزار دۆلار بوو، ئەگەر داوا بکەن هەمان بڕ دەهێنینەوە، لە هەندێک نەخۆشخانەکان لە سلێمانی ئامێر و هۆکارەکانی فێنککەرەوەمان گۆڕیوە کە بەهاکەی هەزاران دۆلار بووە، ئەمەش لەسەر حیسابی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و هەموو پۆستەر و چاپکراوەکان کە بەڕێزتان دەیبنن و ئەو هەڵمەتانەی هەن هەموو رێکخراوی تەندروستی جیهانی پارەکەی داوە لە رێگەی بەخشەرەکان، بۆیە دەرفەتە لێرەدا سوپاسی حکومەتەکانی کوێت و یەکێتی ئەوروپا بکەین کە بەردەوام پشتیوانیی هەرێم دەکەن ، لەگەڵ حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش. هەروەها ئێمە بێدەنگ نەبووین و بەردەوامین لە بانگەواز و مەشق و راهێنان و کارکردن. تەنانەت ئەو نەخۆشخانە نوێیەی لە دهۆک کرایەوە من لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی تەندروستی بووم تەختەکانی نەخۆشخانەکە ئێمە دابینمان کرد، پێویستیییەکانی چاودێری چڕ، ماسکی ئۆکسجین و ئامێری پێوانەی رێژەی ئۆکسجین لە خوێن و زۆر لە پێویستییەکانی دیکەشمان دابینکردووە، ئێمە پشتوانیمان کردووە و تاوەکو ئێستا بەو پەڕی ئەمانەتەوە دەڵێم زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق خەرجکراوە ، پشکی کوردستان بەتەوای هاتووە کە کەمترە نەبووە لە 3 ملیۆن دۆلار لە ئامێر و پێویستییەکان و مەشق و راهێنان و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە ، پشتیوان بەخوا ئەگەر بەخشینەکان زیاتربوون، ئەوا ئێمە بەشداری زیاترمان دەبێت، ئینجا تایبەتمەندییەکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەیە با بینەرانی رووداو بزانن، کاتێک ئێمە لە تەندروستیی جیهانی ئامێر و کەرەستەیەک دەهێنین دڵنیابن کوالیتێکەی زۆر بەرزە ، کاتێک کەمپین دەکەین بە باشترین شێوە ئەنجامی دەدەین، هەروەها لایەنی بەخشەریش دڵنیادەبێت لەوەی ئەو پارەی کە بەخشیویەتی بەباشی دەگاتە دەست هاووڵاتیان، بۆیە پشتیوان بەخوا ئێمە بەردەوام دەبین، بۆ زانین ئێمە نووسینگەیەکی نوێمان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر خۆم نووسینگەکەم کردەوە، لەوێ نزیکتر دەبین لە وەزیر و خێراتر دەستمان دەگاتە یەک بۆ کۆبوونەوە و کارکردن، وەزارەت بیر لەکارێک بکاتەوە، رێکخراوی تەندروستی هاوکاریی دەکات و راوێژیان لەگەڵ دەکات.
رووداو: پێتوایە کە لە هیچ شارێکی عێراق بەرگری گشتی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیدابووە؟
ئەدهەم رەشاد: ئێمە وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەنتەری سەرەکیمان لە جنێڤە، بەتەواوی لێکۆڵینەوەمان لەسەر پشکنینی خێرا بە هەموو جۆرەکانییەوە کردووە، تاوەکو ئێستا ناتوانین بەتەواوی پەسندی بکەین بۆ هەڵسەنگاندن، من لێرەوە داوا لەهەموو دۆست و هاوڕێیانمان لە بەرپرس و وەزیرانی تەندروستی دەکەم ، پشکنینی خێرا هاوردە نەکەن و ناکرێت بەتەواوی پشتی پێ ببەسترێت، چونکە ئەنجامەکەی کێشەی دروستکردووە.
رووداو: لە کۆتاییدا چیت ماوە بیڵێیت؟
ئەدهەم رەشاد: دەمەوێت رووبکەمەوە هاووڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان و عێراق، قەبارەی کۆژانەکان دەزانین، هەست بەوەدەکەم کە ئێوە دووچاری بوونەتەوە، وەک رێکخراوی تەندروستی جیهانی و وەزارەتەکانی تەندروستیش هەرگیز پشوو نادەین، چونکە ڤایرۆسەکە هیچ نازانێت و نازانێت پشوو و کۆتایی هەفتە چییە، پەیامی ئێمە ئەوەیە کە هاوکاریمان بکەن لە رێگەی پابەندبوون ، ماسک، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی، دەستشووشتن، ئەمانەش کارێکی سەخت نیین، گردمەبنەوە، کچەکەت هاوسەرگیری دەکات، کوڕەکەت ژن دەهێنیت، تۆزێک ئەمە دوا بخە ،ئەوەی پرسە دادەنێت تکاتان لێدەکەم ماتەمینییەکە دامەنێ، مەعقول نییە پرسە دابنێنم ببێتە هۆی تووشبوونی زۆرترین ئەو خەڵکەی بەشداری پرسەکەیان کردووە.سەردانە ئاینییەکان و گردبوونەوەکان رابگرن خوای گەورە بەزەیی و بەخشەرە، پێویستییەکان رێگە بە قەدەخەکراوەکان دەدات، پێغەمبەری خودا درودی خوای لەسەر بێت، یەکەم کەس بووە داوای کەرەنتینەی کردووە کاتێک لەگوندێک نەخۆشیی و پەتایەک بڵاوبووەتەوە داوایکردووە کەس هاتووچۆی نەکات، ئێمە لەو دۆخەین و درێژە دەکێشێت بەداخەوە هەموو جیهان دەستەوەستانە لە دۆزینەوە چارەسەر و بەرهەمهێنانی ڤاکسین، بەڕاستی تاکە چارەسەر رێوشوێنی خۆپارێزییە، بۆیە تکا لە برایان دەکەم بە تەواوی پابەندبن، چونکە شەپۆلی داهاتوو مەترسیدار و تووندتر دەبێت، بۆیە لێرە هۆشداری دەدەین لە بەرزبوونەوەی تووشبوون، بەڕێوەبەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی و بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هۆکارەکەی نین، بۆیە ئەگەر ژمارەکە بەرزبێتەوە ئەوا بێگومان هۆکاری هاوبەش هەیە .