رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی زێڕ بەردەوامیی دا بە دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی و نرخی یەک ئۆنسە بۆ کەمتر لە 4060 دۆلار دابەزی.
بەو پێیەش، لە ماوەی سێ رۆژدا نرخی کانزای زەرد لە هەر ئۆنسەیەکدا 300 دۆلار لە بەهاکەی لەدەستداوە.
لە چەند کاژێری سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکاندا، ئەمڕۆ نرخی زێڕ تەنانەت بۆ ئاستی 4022 دۆلار دابەزی، کە ئەوەش کەمترین ئاستی بووە لە دوای 21ـی مانگی 11ـەوە، واتە کەمترین ئاستی شەش مانگی رابردوو.
بازرگانان ئەمڕۆ چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی ئاماری گرنگی کۆفرۆشین کە دوای نیوەڕۆ بڵاودەبێتەوە.
دوێنێ ئامارەکانی هەڵاوسان کە تێیدا ئاشکرا ببوو نرخەکانی بەکاربەر بەرزبوونەتەوە، زیانی لە نرخی زێڕ دا. ئێستاش نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بۆ 4111 دۆلار دابەزیوە.
مات سیمپسۆن، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (ستۆن ئێکس) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "نرخی 4000 دۆلار ئاستێکی دیارە کە دەتوانێت کڕیاران رابکێشێت بۆ ئەوەی قازانجی خێرا بەدەستبهێنن. ئەو کڕیارانەش کە زیانیان بەرکەتووە، رەنگە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان لە ئاستەکانی نزیک لە 4000 دۆلار دەست بە کڕینەوەی زێڕ بکەن."
ئامارەکانی دوێنێ دەریانخست نرخەکانی بەکاربەر لە مانگی رابردوودا بۆ بەرزترین ئاستی سێ ساڵی رابردوویان بەرزبوونەتەوە. ئەمڕۆش داتاکانی کۆفرۆشی بڵاودەبنەوە کە لە رێگەی پێنوێنی PPIـیەوە ئاشکرا دەکرێن. پێشبینیدەکرێت داتاکانی دوێنێ و ئەمڕۆ ئاراستەی نرخی زێڕ لە کورتخایەندا دیاری بکەن.
هەرچەندە زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارامی وەبەرهێنان تەماشا دەکرێت، بەڵام نوێبوونەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کە زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە، نەیتوانیوە پاڵپشتی بۆ نرخی کانزای زەرد دروستبکات.
بەپێی رووپێوەکان، بازرگانان ئێستا ئەگەری زیاتر لە 70%ـیان داناوە لەسەر ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان، ناچار بێت سوودی بانکی بەرزبکاتەوە.
سوپای ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان خولێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر چەندین ئامانج لەنێو ئێران دەستپێکردووە؛ ئەمەش چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی نوێی کردبوو ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی واژۆ نەکرێت.
.jpg&w=3840&q=75)