رووداو دیجیتاڵ هێزەکانی پۆلیس لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئیستەنبووڵ، تۆمەتبارێکی عێراقییان دەستگیرکردووە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە لایەن دەسەڵاتە دادوەرییەکانی یۆنان و ئیتاڵیاوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە تۆڕەکانی قاچاخچێتیی کۆچبەران داواکراو بووە. تۆمەتبارەکە تەمەنی 55 ساڵە و بە (س.م.م) ناسێندراوە، هاوکات لە ناوخۆی تورکیاشدا بە تۆمەتەکانی "دامەزراندنی رێکخراو بە مەبەستی کردنی تاوان" و "قاچاخچێتیی کۆچبەران" لە ژێر چاودێری و بەدواداچوونی هێزە ئەمنییەکاندا بووە. تیمی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی کۆچبەران و دەروازە سنوورییەکانی سەر بە پۆلیسی ئیستەنبووڵ، دوای چاودێرییەکی وردی تەکنیکی و مەیدانی، زانیارییان دەستکەوت کە ئەو لە 13ی حوزەیرانی 2026دا هەوڵی داوە بە پاسپۆرتێکی ساختەوە بێتە ناو خاکی تورکیاوە، بەڵام دەستبەجێ لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کرا و دوای رێکارە یاساییەکان لە لایەن دادگاوە بڕیاری بەندکردنی بۆ دەرکرا. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە ئەم قاچاخچییە عێراقییە بەشدار بووە لە رێکخستنی گەشتی کۆچبەران بەرەو وڵاتانی ئەورووپا لە رێگەی دەریای ئیجەوە. بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی قاچاخچێتیی مرۆڤ لە تورکیاوە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا، هاوئاهەنگیی هەواڵگری لە نێوان تورکیا، یۆنان و ئاژانسی پاراستنی سنووری یەکێتیی ئەورووپا (فرۆنتێکس) دا هەیە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە 5 ساڵی رابردوودا 45 هەزار کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیی مرۆڤ لە تورکیا دەستگیرکراون. تەنیا پار 11 هەزار 363 کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون.