رووداو- تەندروستی
نوێنەری پزیشکانی گشتیی گەنج رایدەگەیێنێت، پێشنیازی دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی لە نەخۆشخانە تایبەتەکان رەتکردەکەینەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-6-2026 دکتۆر مەتین موخلیس نوێنەری پزیشکانی گشتیی گەنج لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "رۆژی یەکشەممە سەردانی وەزارەتی تەندروستیمان کرد و لەگەڵ وەزیری تەندروستی کۆبووینەوە، بەڵام ئەوان رەتیانکردەوە پزیشکانی گشتیی گەنج لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دابمەزرێن و گوتیان، 'نامانەوێت پزیشکانی گەنج لە نەخۆشخانە تایبەتەکان دابمەزرێنن و دەمانەوێت لەسەر بودجەی عێراق داتانمەزرێنین، ئەگەر نەکرا ئەوا هەوڵدەدەین لەسەر داهاتی ناوخۆ داتانمەزرێنین'."
نوێنەری پزیشکانی گشتیی گەنج ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە لەگەڵ ئەو بڕیارە نین، چونکە ئەمساڵ 663 پزیشکی گشتیی دانەمەزراو هەیە، لە هەندێک نەخۆشخانەی قەزا و ناحییەکان تەنیا یەک پزیشکی نیشتەجێی خولاو هەیە، ئێستا کەمیی پزیشک هەیە و بەم بڕیارە زەرەرمەندی یەکەم چینی هەژارانە، چونکە ئەوان زیاتر سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن."
سەبارەت بە لایەنی یاسایی دامەزراندن لە کەرتی تایبەت، دکتۆر مەتین موخلیس گوتی، "بابەتی دامەزراندنی پزیشکانی گشتیی دەرچوو لە نەخۆشخانە تایبەتەکان سەرچاوەی یاسایی هەیە، بەڵام بە چەند مەرجێک، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە پزیشکەکە دەبێت رازیبێت و بۆ ماوەی 5 ساڵ دەتوانرێت فەرمانبەرەکە بگوازرێتەوە بۆ کەرتی تایبەت."
