رووداو - تەندروستی
لە پەیمانگەی توێژینەوەی ڤایرۆسەکان لە ئۆگەندا. توێژەران دەیانەوێت بە زوویی ڤاکسینێکی دژ بە جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کوشندەی ئیبۆلا دروستبکەن کە ئەم ساڵ بە خێرایی لە کۆنگۆ و ئۆگەندا بڵاو بووەتەوە.
بۆ دروستکردنی ڤاکسینەکەش، دەیانەوێت سوود لە بەرگریی جەستەی ئەوانە وەربگرن کە پێشان تووشی جۆرەکانی دیکەی ڤایرۆسی ئیبۆلا بوون بە ناوی زاییر و سوودان.
پۆنتیانۆ کالیبوو، بەڕێوەبەری پەیمانگەی توێژینەوەی ڤایرۆس لە ئۆگەندا دەڵێت ''پێشوەختە کەسانێکمان هەن کە تووشی ڤایرۆسی ئیبۆلای جۆری زاییر بوون، هەشمانە تووشی جۆری سوودان بوون، ئەگەر دژەتەنەکانیان وەربگرین، ئایا دەتوانین جۆری ڤایرۆسە نوێیەکە لەناوببەین، ئایا کەسێک کە دژەتەنی دژی جۆری زاییری هەیە، ئەو دژەتەنانە دەتوانن دژی بوندیبوگیۆ کار بکەن؟ پلانیش بۆ ئەو توێژینەوە تاقیگەییانە دادەنرێت''.
ئەم جۆرە نوێیەی ئیبۆلا ناوی (بوندیبوگیۆ)ـیە و هیچ ڤاکسین و چارەسەرێکی نییە. رێژەی کوشندەییەکەشی سەروو 50٪ـە.
تەندروستیی جیهانی دەڵێ، رەنگە دروستکردنی ڤاکسینەکە حەوت مانگ بخایەنێت.
د. تێدرۆس ئادهانۆ، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت ''پاڵپشتیی دیکەش هەیە کە پێشکێشی بکەین، بەتایبەت تیمی پزیشکیی فریاگوزاری، ئەو مەشقە پزیشکییە فریاگوزارییەی کە چەندین ساڵ لەمەوبەر دەستمان پێکرد و زۆرێک لە ئۆگەندییەکان بڕوانامەیان لەسەری وەرگرت، پێموایە 148 کەس بوون، ئەوە یارمەتیدەرە لە ئامادەکاری و وەڵامدانەوەکان''.
ئەم ساڵ جۆرێکی نوێی ئیبۆلا لە مانگی شووباتدا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بڵاو بووەوە و تائێستا 710 تووشبووی لێ تۆمار کراوە؛ 149 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ڤایرۆسەکە گوازراوەتەوە بۆ ئۆگەندای دراوسێی کۆنگۆ و لەوێش 19 تووشبوو و 2 گیانلەدەستدان تۆمار کراون.