رووداو-تەندروستی ئەندازیاران لە ئەمریکا پاچێکی نەرمی سۆنەریان دروستکردووە کە دەتوانێت بۆ ماوەی چەندین کاژێر بە شێوەیەکی بەردەوام چاودێریی تەندروستیی کۆرپەلە و رێڕەوی خوێن بکات، تەنانەت لە کاتی جووڵەی دایک و کۆرپەلەکەشدا. توێژەران لە زانکۆی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەکەن ئەم ئامێرە نوێیە دەتوانێت یارمەتیی پزیشکان بدات بۆ ئەوەی زووتر کێشە و ئاڵۆزییەکانی دووگیانیی مەترسیدار دەستنیشان بکەن، لە کاتی تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا پاچەکە لە یەکێک لە حاڵەتەکاندا نیشانەی نائاسایی درێژخایەنی لە کۆرپەلەکەدا دەستنیشان کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەریی منداڵبوونی پێشوەختە و ژیانی منداڵەکەی رزگار کردبێت. توێژەران لە زانکۆ ئەمریکییەکە ئاماژە بەوەدەکەن زۆربەی پشکنینەکانی سۆنەری ئاسایی تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت تەندروستیی کۆرپەلە نیشان دەدەن و پێویستیان بە پسپۆڕ هەیە، بەڵام ئەم پاچە نوێیە بۆ ئەوە دروستکراوە کە لەسەر جەستە بمێنێتەوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و بەردەوام چاودێریی جەستەی منداڵەکە بکات. تیمی توێژینەوە ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە پاچەکە بە تەواوی بکەنە بێتەل (wireless) بۆ ئەوەی بەکارهێنانی ئاسانتر بێت.