رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی خوێن ماوەی نێوان دوو خوێنبەخشین ئاشکرا دەکات و راستییەکیش لەبارەی کەڵەشاخەوە باس دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14-6-2026 د. هونەر عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی خوێن بە رووداوی راگەیاند، کەڵەشاخ هەمان رێکاری خوێنبەخشینی بەرامبەر دەکرێت و پێویستە ئەوانەی کردوویانە تاوەکو دوو بۆ سێ مانگ خوێن نەبەخشن.
د. هونەر عومەر دەڵێت: پێویستە بۆ پیاوان دوو مانگ لەنێوان دوو خوێنبەخشیندا هەبێت و بۆ خانمانیش سێ مانگ.
ئەو پسپۆڕە ئەوەش باس دەکات کە کەڵەشاخ جێگرەوەی خوێنبەخشین نییە، بەڵام هەمان مەرجی خوێنبەخشینی بەسەردا جێبەجێ دەبێت کە پێویستە ئەوانەی دەیکەن لانیکەم دوو مانگ خوێن نەبەخشن، تاوەکو تووشی کەمیی ئاسن و پێکهاتەکانی خوێن نەبن.
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، خوێنبەخشین ئەم سوودە تەندروستانەی هەیە؛
- هاوسەنگیی ئاسن لە خوێندا دەپارێزێت
- رێگە لە زیادبوونی ئاسن دەگرێت
- ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە کەم دەکاتەوە
- تەندروستیی جگەر و دڵ دەپارێزێت
- یارمەتیی کەمبوونەوەی کێش دەدات
- خانەی نوێی خوێن دروستدەبن
